دادگای باڵای ئەمریکا بڕیار لەسەر دەرکردنی سەدان هەزار کۆچبەری هایتی و سووری دەدات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دادگای باڵای ئەمریکا تاوتوێی بڕیارێکی کۆشکی کرد بۆ لابردنی پارێزبەندیی دیپۆرتکردنەوە لەسەر سەدان هەزار هاووڵاتیی هایتی و سووری کە لە ئەمریکا دەژین؛ ئەمەش وەک بەشێک لەو هەڵمەتە فراوانەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەرکردنی ملیۆنان کۆچبەر دەستیپێکردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 29ی نیسانی 2026، جۆن ساوەر، داواکاری گشتیی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاری وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی پارێزبەندیی کاتی (TPS) بۆ 350 هەزار هاووڵاتیی هایتی و شەش هەزار سووری، بابەتێک نییە کە دادگا بتوانێت پێداچوونەوەی یاسایی بۆ بکات. لە بەرامبەردا، پارێزەرانی پەناخوازان رایانگەیاند، بارودۆخی وڵاتەکانیان هێشتا مەترسیدارە و ئەم هەنگاوەی کۆشکی سپی لانیکەم بەشێکی بەهۆی "رقەوە" بووە. 
 
شەش دادوەرە پارێزگارەکەی دادگای باڵا وادیار بوو لایەنگریی بەڵگەکانی حکومەت بکەن، لە کاتێکدا سێ دادوەرە لیبراڵەکە دژایەتیی خۆیان نیشاندا. بڕیاری کۆتایی دادگاکە سەبارەت بەو دوو وڵاتە و وڵاتانی دیکە کاریگەریی لەسەر ژیانی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە 10 وڵاتی جیاواز دەبێت، بڕیارە لە کۆتایی حوزەیران یان سەرەتای تەمموز دەربچێت.
 
تۆمەتی 'رەگەزپەرستی' و لێدوانەکانی تره‌مپ
 
سۆنیا سۆتۆمایۆر، دادوەری لیبراڵ، لە جۆن ساوەری پرسی ئایا "جیاکاری" رۆڵی هەبووە لەم بڕیارەدا و ئاماژەی بە لێدوانە کۆنەکانی دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد کە هایتی بە "وڵاتێکی پیس و قێزەون" ناوبردبوو و گلەیی کردبوو کە بۆچی ئەمریکا لەو جۆرە وڵاتانە کۆچبەر وەردەگرێت لەبری وڵاتانی وەک نەرویج و سوید. ساوەر لە وەڵامدا گوتی، قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا لێکدانەوەی هەڵەیان بۆ کراوە. 
 
جیۆفری پیپۆڵی، پارێزەری هایتییەکان گوتی، هۆکاری راستیی هەڵوەشاندنەوەی TPS بۆ "رقی سەرۆک" بەرامبەر رەنگی پێستی کۆچبەران دەگەڕێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، تره‌مپ چەند رۆژێک دوای ئەوەی بە "درۆ" کۆچبەرانی هایتیی تۆمەتبار کرد بە "خواردنی سەگ و پشیلەی ئەمریکییەکان"، بەڵێنی دا کە TPSی وڵاتەکەیان هەڵوەشێنێتەوە.
 
دۆخی 'مەترسیدار' لە سووریا و هایتی
 
هایتی لە ساڵی 2010 بەهۆی بومەلەرزەیەکی وێرانکەرەوە مافی TPSی پێدراوە و ئێستاش بەدەست هەژاری و تووندوتیژیی گرووپە چەکدارەکانەوە دەناڵێنێت. وەزارەتی دەرەوەی
ئەمریکا هێشتا هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی کە سەردانی ئەو وڵاتە نەکەن.
 
سەبارەت بە سووریا، ئاهیلان ئارولانانثام، پارێزەری سوورییەکان گوتی، ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوە دەڵێت، ململانێی چەکداری لە سووریا هێشتا "بە چالاکی" ماوەتەوە. ئەو گوتی:
"ماڵپەڕی حکومەت دەڵێت ئەگەر دەچیتە سووریا، پێش رۆیشتن نمونەی DNA جێبهێڵە و وەسیەتنامەکەت بنووسە! ئیدی چۆن لەو دۆخەدا پەناخوازەکان دەنێرنەوە."
 
ئیدارەی تره‌مپ، مافی پارێزبەندیی کاتیی لە هاووڵاتیانی وڵاتانی وەک ئەفغانستان، یەمەن، ڤەنزوێلا، سۆماڵ و چەندانی دیکە وەرگرتوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە