رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور هۆشداری دەدات کە ئازادیی رۆژنامەڤانی لە جیهاندا بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی چارەکە سەدەیەکدا دابەزیوە. رێکخراوەکە هێرشە "سیستەماتیکەکانی" دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر میدیاکان و لە سێدارەدانی رۆژنامەڤانێک لە سعودیە وەک نموونەی پێشێلکارییەکان دەهێنێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026، رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە پاریسەوە راپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بۆ یەکەمجار لە مێژووی 25 ساڵەی پێوەرەکانی ئەم رێکخراوەدا، زیاتر لە نیوەی وڵاتانی جیهان کەوتوونەتە ناو پۆلێنی "سەخت" یان "زۆر مەترسیدار" بۆ ئازادیی رۆژنامەڤانی.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، تێکڕای خاڵەکانی جیهانی بۆ ئازادیی میدیا هیچ کاتێک بەم شێوەیە نزم نەبووە. ئامارەکان نیشانی دەدەن کە رێژەی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی جیهان کە لە وڵاتێکدا دەژین دۆخی رۆژنامەڤانیی تێیدا "باش" بێت، لە 20٪ـەوە بۆ کەمتر لە 1٪ دابەزیوە. ئێستا تەنیا حەوت وڵات لە باکووری ئەورووپا، کە نەرویج لە سەرووی هەموویانەوەیە، لەو خانەیەدا ماونەتەوە.
ئەمریکا کە لە ساڵی 2024 و دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ دۆخەکەی لە "تا رادەیەک باش"ـەوە بۆ "کێشەدار" گۆڕا، لە راپۆرتی ئەمساڵدا حەوت پلەی دیکە دابەزیوە و ئێستا لە پلەی 64ـەم دایە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، جگە لە هێرشە بەردەوامەکانی ترەمپ بۆ سەر رۆژنامەڤانان، دەستبەسەرکردن و دەرکردنی ماریۆ گیڤارا، رۆژنامەڤانی سەلڤادۆری و بڕینی بودجەی دەزگا میدیاییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکا، هۆکاری سەرەکیی ئەم پاشەکشەیەن.
رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور هۆشداریی دا، "رووسیای ڤلادیمیر پووتین (کە لە پلەی 172ـە) بووەتە پسپۆڕ لە بەکارهێنانی ئەو یاسایانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، جوداخوازی و تووندڕۆیی داڕێژراون، بۆ سنووردارکردنی ئازادیی رۆژنامەڤانی."
هەروەها رێکخراوەکە دەشڵێت، تاوەکو نیسانی ئەمساڵ، 48 رۆژنامەڤان لە رووسیا لە زینداندا بوون.
گەورەترین دابەزین لە ئاستی جیهاندا لە نێجیریا تۆمارکراوە، کە بەهۆی دەسەڵاتی سەربازی و هێرشی گرووپە چەکدارەکان، 37 پلە پاشەکشەی کردووە و کەوتووەتە پلەی 120ـەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ