بەڕێوەبەری پێشووی FBI بە تۆمەتی هەڕەشەی کوشتن لە ترەمپ چووە بەردەم دادگە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI)، رۆژی چوارشەممە چووە بەردەم دادگە؛ ئەمەش دوای ئەوەی تۆمەتی هەڕەشەی کوشتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای ئاراستە کرا.
 
کۆمی، کە رەخنەگرێکی دیاری سەرۆکی ئەمریکایە و پێشتر رووبەڕووی تۆمەتی دیکەی فیدراڵی بووەوە کە دواتر رەتکرانەوە، لە مانگی ئایاری 2025 وێنەیەکی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە کە تێیدا بەشێوەی ژمارە 86 و 47 لەسەر کەنار دەریایەکی کارۆلینای باکوور بە گوێچکە ماسی نەخشێندرابوو.
 
دۆناڵد ترەمپ و تیمە یاساییەکەی دەڵێن ئەمە "هەڕەشەیەکی کۆدکراوە"، چونکە لە زمانی بازاڕی ئەمریکیدا ژمارە 86 بە واتای "کۆتاییپێهێنان یان کوشتن" دێت، 47ـیش ئاماژەیە بۆ ترەمپ وەک 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا.
 
سزای 20 ساڵ زیندانیکردن
 
جەیمس کۆمی رووبەڕووی دوو تۆمەت بووەتەوە: هەڕەشەی کوشتن یان زیانگەیاندن بە سەرۆکی وڵات، لەگەڵ گواستنەوەی هەڕەشە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە. هەر یەکێک لەم تۆمەتانە سزای تاوەکو 10 ساڵ زیندانیکردنیان لەسەرە، واتە ئەگەر بە تاوانبار بناسێندرێت، ئەگەری هەیە 20 ساڵ سزای زیندانیی بەسەردا بسەپێندرێت.
 
تۆد بلانش، بریکاری داواکاری گشتیی ئەمریکا، بەرگری لە بڕیاری دادگاییکردنەکە کرد و رایگەیاند کە "هەموو کەیسێکی هەڕەشە جیاوازە و لێکۆڵینەوەکان بڕیار دەدەن."
 
وەڵامی ترەمپ و کۆمی
 
دۆناڵد ترەمپ لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیەڵ هێرشی کردە سەر کۆمی و نووسیویەتی، "86 و 47 حەوت واتە کوشتنی سەرۆک ترەمپ. جەیمس کۆمی کە پۆلیسێکی گەندەڵە، ئەمە زۆر باش دەزانێت!"
 
لە بەرامبەردا، کۆمی داوای لێبووردنی کردووە و دەڵێت نەیزانیوە ئەو ژمارانە لای هەندێک کەس واتای تووندوتیژی دەدەن، هەر بۆیە پۆستەکەی سڕیوەتەوە.
 
دیموکراتەکان ئەم دۆسیەیە بە "تۆڵەسەندنەوەی سیاسی" ناودەبەن. سیناتۆر دیک دەربن رایگەیاند، ئەمە نموونەیەکی دیکەی "بەکارهێنانی وەزارەتی دادە وەک چەک" لەلایەن سەرۆکێکی تۆڵەسێنەر دژی نەیارە سیاسییەکانی.
 
جەیمس کۆمی لە ساڵی 2013 تاوەکو 2017 بەڕێوەبەری ئێف بی ئای بوو، بەڵام لەلایەن ترەمپەوە لە کارەکەی دوورخرایەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگای باڵای ئەمریکا

دادگای باڵای ئەمریکا بڕیار لەسەر دەرکردنی سەدان هەزار کۆچبەری هایتی و سووری دەدات

دادگای باڵای ئەمریکا تاوتوێی بڕیارێکی کۆشکی کرد بۆ لابردنی پارێزبەندیی دیپۆرتکردنەوە لەسەر سەدان هەزار هاووڵاتیی هایتی و سووری کە لە ئەمریکا دەژین؛ ئەمەش وەک بەشێک لەو هەڵمەتە فراوانەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەرکردنی ملیۆنان کۆچبەر دەستیپێکردووە.