ترەمپ بە تاوانبار ناسێندرا؛ دەتوانێ ببێتەوە سەرۆک؟

31-05-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا. وێنە: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی مەنهاتن لە نیویۆرک هەموو ئەو تۆمەتانەی کە سەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەبارەی بەرتیلدان لەسەریبوون، بەسەریدا ساخکردەوە. ترەمپیش دەڵێت، بێتاوانە و بڕیارەکە بە "شەرمەزاری" ناودەبات.
 
یەکەمین دادگاییکردنی مێژوویی سەرۆکێکی پێشووی ئەمریکا بە تاوانبارکردنی ترەمپی تەمەن 77 ساڵ کۆتایی پێهات و ترەمپ هەر 34 تۆمەتەکەی تایبەت بە ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکان و بەرتیلدان بە ستۆرمی دانیاڵز، ئەکتەری فیلمە پۆرنەکان، بەسەردا ساخکرایە. 

 

 
بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە هەر 12 ئەندامەکەی دەستەی سوێندخواردووان دوای 11 کاژێر لە کۆبوونەوە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ترەمپ تاوانبارە. 
 
هەرچەندە ترەمپ تۆمەتەکانی بەسەردا ساخکراونەتەوە، تاوەکو 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ شێوازی سزادانەی دیاری ناکرێت، بەڵام چاوەڕی دەکرێت تیمی پارێزەرانی ترەمپ تانە لە بڕیارەکە بدەن. 
 
ئەوەی لە بەرژەوەندیی ترەمپە ئەوەیە کە ئەگەر دادگە سزای زیندانیکردنیشی بەسەردا بسەپێنێت، هێشتا دەتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر بکات. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە: حوکمی دروست رۆژی 5ـی نۆڤەمبەر [رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا] لەلایەن دەنگدەرانەوە دەدرێت. گوتیشی، دادگاییکردندنەکە ساختە بوو لەلایەن دادوەرێکی گەندەڵەوە بەڕێوەچوو. 
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد: "من کەسێکی زۆر بێتاوانم، ئەوە شتێکی ئاساییە، من شەڕ بۆ وڵاتەکەم دەکەم، شەڕ بۆ دەستوورەکەمان دەکەم".

 

 
بڕیارەکە نیگەرانیی کۆمارییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا و مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە لە پشکی کۆمارییەکانە، بڕیارەکەی بە "رۆژێکی پڕ شەرمەزاری" بۆ ئەمریکا ناوبرد: "دیموکراتەکان دڵخۆشیی خۆیان دەربڕی کاتێک سەرۆکی پارتی بەرامبەریان بەتۆمەتێکی گاڵتەجار سزادرا".
 
مایکڵ تەیلەر، بەڕێوەبەری کەمپیەنی هەڵبژاردنی بایدن دڵخۆشیی لەبارەی بڕیارەکە دەربڕی: "ئەمڕۆ لە نیویۆرک بینیمان کە هیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە نییە.. بەڵام ئەو حوکمدانەی ئەمڕۆ لەو راستییە ناگۆڕێت کە گەلی ئەمریکا رووبەڕووی یەک راستی بوونەتەوە، تەنیا یەک رێگە هەیە بۆ ئەوەی ترەمپ لە کۆشپی سپی بکەنە دەرەوە".
 
جگە لە کەیسی بەرتیلدان، ترەمپ سێ کەیسی یاسایی دیکەشی لەسەرە و تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020، کە لە بەرامبەر بایدن دۆڕاندی.
 
کریس مێرفی، سیناتۆری ئەمریکا لە پشکی دیموکراتەکان لەبارەی سزادانی ترەمپەوە گوتی: "ترەمپ تاوانێکی ئەنجامدا، دەستگیر کرا و سزا درا، ئەمە سەروەریی یاسایە." 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە