بەرپرسانی ئەمریکا سزایان دژی رووسیا ئامادەکردووە و چاوەڕێی بڕیاری ترەمپن

30-05-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە کۆمارییەکان لە کۆنگرێس و راوێژکارانی کۆشکی سپی، هانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەدەن، سزای نوێ بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت؛ لە کاتێکدا نائومێدییەکان لە هێرشی سەربازیی سەرۆکی رووسیا، بۆ سەر ئۆکرانیا روو لە زیادبوونە.
 
ترەمپ بۆ ماوەی چەندین مانگە خۆی لە سەپاندنی سزای لەو شێوەیە بواردووە، چونکە پێیوابووە دەتوانێت مامەڵەی بەرهەمداری لەگەڵ پووتیندا هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە و بە گشتی، سزاکانی بە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنان و زۆرجار ناکاریگەر زانیوە.
 
بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن، ترەمپ هێشتا هیوادارە پەرە بە هاوبەشییەکی ئابووری لەگەڵ رووسیادا بدات. ئەو سزاکان بە زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ مۆسکۆدا دەبینێت، کە رەنگە ترووسکایی هیوای ئاگربەست لە ململانێ سێ ساڵییەکەدا لەبارببات.
 
بەپێی گوتەی یاریدەدەرانی، نائومێدیی ترەمپ لە پووتین راستەقینەیە و تاوەکو دێت تووندتریش دەبێت. ئەوان رایانگەیاند، دوای ئەوەی رووسیا لەم دواییانەدا هێرشەکانی چڕکردووەتەوە، سەرۆکی ئەمریکا بە جیدی بیر لە سەپاندنی سزا دەکاتەوە.
 
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی گوتی: "ئەو هەمیشە بۆ گوشار کردن، بەدوای رێگەی جیاوازدا دەگەڕێت، ئەو هەمیشە بژاردەکانی خۆی هەڵدەسەنگێنێت."
 
بەرپرسانی ئەمریکا سزای ئابووریی نوێیان دژی رووسیا ئامادە کردووە، کە چەند هەنگاوێکی بانکی و وزە لەخۆدەگرێت. ئەوان دەڵێن، بەپێی فەرمانی ترەمپ پاکێجی سزاکان بۆ جێبەجێکردن ئامادەیە.
 
یەکێک لە بژاردەکان کە لەلایەن هەندێک لە راوێژکارانی ترەمپەوە پشتیوانی لێدەکرێت ئەوەیە، سەرۆک ئەو یاسایە قبووڵ بکات، یان لانیکەم رێگری لێنەکات، کە مانگی رابردوو لەلایەن لینزی گرام، سیناتۆری کۆماری و ریچارد بلومێنتاڵ، سیناتۆری دیموکراتەوە پێشکێشکراوە، پێناسێکی گومرگیی 500٪ بەسەر کاڵای ئەو وڵاتانە بسەپێنرێت کە نەوتی رووسیا دەکڕن. 
 
واتا هەر وڵاتێک نەوتی رووسیا بکڕێت و کاڵایەک بە بڕی یەک دۆلار هەناردەی ئەمریکا بکات، نرخەکەی دەبێتە 500 دۆلار.
 
بەپێی گوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی کە ئاگاداری راستەوخۆی بابەتەکەیە، هەندێک لە راوێژکاران پێیانوایە دەکرێت پڕۆژەیاساکە سوودبەخش بێت، چونکە رێگە دەدات سزا بسەپێنرێت، لە کاتێکدا ترەمپ دەتوانێت بە پووتین بڵێت، بڕیاری سزاکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەودا بووە. ئەمەش لە بەرامبەردا دەتوانێت یارمەتی ترەمپ بدات دەرگەی گفتوگۆی لەگەڵ پووتین کراوەبێت. 
 
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە و کەسێکی دیکەی ئاگادار لە گفتوگۆ ناوخۆییەکان رایانگەیاند، کۆشکی سپی پێیوایە سزای لاوەکی، واتا سزا بەسەر ئەو وڵاتانەی کە مامەڵە لەگەڵ رووسیادا دەکەن، نەک خودی رووسیا پێویستە بۆ ئەوەی کاریگەرییان هەبێت.
 
ئەم هەفتەیە لینزی گرام و چەک گراسلی، کە هەردووکیان هاوپەیمانی نزیکی ترەمپن و سیناتۆری کۆمارین رایانگەیاند، ئێستا کاتی زیادکردنی گوشارە لەسەر پووتین.
 
گراسلی رۆژی سێشەممە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسی: "پێموایە سەرۆک ترەمپ کاتێک پێیوابوو دۆستایەتییەکەی لەگەڵ پووتین کۆتایی بە شەڕەکە دەهێنێت، لە دڵسۆزیی خۆی بوو. مادام وایە، کاتی سزای هێندە بەهێزە کە پووتین بزانێت یارییەکە کۆتایی هات."
 
جەنگ درێژە دەکێشێت
 
ترەمپ لە مانگی کانوونی دووەمدا گەڕایەوە کۆشکی سپی و پێشبینی دەکرد بتوانێت لە ماوەی 24 کاژێردا کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنێت؛ بەڵام لە مانگەکانی دواتردا، ئەو راستییە تاڵەی بۆ دەرکەوت کە ململانێکە لەوە ئاڵۆزترە و سەرزەنشتی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای کرد کە رێگەی داوە رووبدات.
 
هەفتەی رابردوو، ترەمپ بۆ ماوەی دوو کاژێر قسەی لەگەڵ پووتین کرد و پێیوابوو بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ئاگربەست بە شێوەیەکی دەستبەجێ، گەیشتووەتە رێککەوتن. پاشان رووسیا بە گورزەیەک لە درۆن و مووشەک لە ئۆکراینای دا، ئەمەش وای لە ترەمپ کرد بڵێت، پووتین بە رەتکردنەوەی بەشداریکردن لە گفتوگۆی ئاگربەست لەگەڵ کیێڤ، "بەتەواوی شێت بووە" و "یاری بە ئاگر دەکات."
 
رۆژی چوارشەممە، لەکاتی قسەکردن بۆ رۆژنامەڤانان، ترەمپ روونیکردەوە، دەکرێت سەپاندنی سزا پووتین تووڕە بکات و گوتی: "ئەگەر پێموابێت نزیکم لە گەیشتن بە رێککەوتنێک، نامەوێت بە کردنی ئەوە [سەپاندنی سزا] تێکی بدەم." 
 
لەوەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا پووتین دەیەوێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت، ترەمپ گوتی: "ناتوانم ئەوەت پێ بڵێم، بەڵام لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەی دیکە ئاگادارت دەکەمەوە،" ئاماژەی بەوەشکرد کە چاوەڕێی رووسیایە نوێترین پێشنیازی ئاشتیی خۆی پێشکەش بکات.
 
ترەمپ گوتیشی: "بۆمان دەردەکەوێت کە ئایا یاریمان پێدەکات یان نا، ئەگەر وابێت، ئێمە کەمێک جیاوازتر وەڵام دەدەینەوە."
 
ترەمپ پێشتریش هەڕەشەی سزای کردووە، بەڵام پاشەکشەی لێکردووە. ئەو لە مانگی کانوونی دووەمدا باسی ئەگەری سزای کردبوو و جارێکی دیکەش پێش نوێترین پەیوەندیی لەگەڵ پووتیندا باسی کردەوە.
 
هەفتەی رابردوو پووتین رایگەیاند، رەزامەندی دەربڕیوە لەگەڵ ئۆکرانیادا کار لەسەر یاداشتنامەیەک بکەن، چوارچێوەی رێککەوتنێکی ئاشتی دیاری بکات، لەنێویاندا "ئاگربەستێکی کاتی". رووسیا دەڵێت، ئێستا خەریکی داڕشتنی وەشانی خۆیەتی لە یاداشتنامەکە و ناتوانێت بخەمڵێنێت چەندی پێدەچێت.
 
کۆمارییەکان بە گشتی لە سیاسەتی دەرەوەدا، بەشوێن رێبازی ترەمپ کەوتوون، بەتایبەت لەگەڵ دەستپێکی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەوە، ئەمەش وادەکات هەوڵە سەربەخۆکانیان بۆ سەپاندنی سزا جێی سەرنج بێت.
 
بە گوتەی یەکێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان، بەرپرسانی کۆشکی سپی سەبارەت بە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای سزاکان، گفتوگۆیان لەگەڵ کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی پیراندا کردووە.
 
ئەگەر پڕۆژەیاساکەی ئەنجوومەنی پیران بڕواتە پێشەوە، ئەوا پڕۆژەیاسایەک لە ئەنجومەنی نوێنەراندا هەیە کە لەلایەن هەردوو حیزبی کۆماری و دیموکراتەوە ئامادە کراوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پشتیوانی بۆ ئۆکرانیا لەنێو کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بە شێوەیەکی بەرچاو لاوازتر بووە وەک لە ئەنجوومەنی پیران.
 
لەم نێوەندەدا، یەکێتیی ئەورووپا خەریکی زیادکردنی سزاکانە بەسەر رووسیادا. رێوشوێنێکی یەکێتیی ئەورووپا کە هەفتەی رابردوو پەسندکرا، زیاتر لە 130 دامەزراوە و کەسایەتی گرتەوە و ناوی 75 دامەزراوەی نوێی لە لیستی سزاکاندا تۆمارکرد، لەنێویاندا کۆمپانیای گەورەی نەوتی (سورگوت نەفتەگاز).
 
بەگوتەی کەسێک کە ئاگاداری بابەتەکەیە، لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەدا لە واشنتن، بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە هیچ نیگەرانییەکیان لە بەرامبەر رێوشوێنە نوێیەکان نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.