رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا؛ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ "ئەنجامی باش"ـی دەبێ.
دوای کۆبوونەوەیان لە کیێڤ، رۆژی هەینی 30ـی ئایاری 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئاندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینیا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان سازکرد.
هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد، جەنگی رووسیا- ئۆکراینا لە دووڕیانێکی چارەنووسساز نزیکبووەتەوە، باسی لە دانوستاندنەکەی رۆژی 16ی ئایار لە ئیستەنبووڵ کرد و رایگەیاند: "رێککەوتنی تایبەت بە ئاڵوگۆڕکردنی دیل کە لە ئیستەنبووڵ کرا و ئەوەش سەلماندی کە دەکرێ دانوستاندن ئەنجامی زۆر باشی هەبێت؛ دەمانەوێت ئەو دۆخە ئەرێنییەی لە ئیستەنبووڵ بەدەستهات، بەردەوام بێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، لە قۆناخی داهاتووی دانوستاندنی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردەکان و راگەیاندنی ئاگربەستێکی درێژخایەن هەنگاوی باش دەبێت.
هاکان فیدان گوتی: "پێمان وایە بە میوانداری رەجەب تەیب ئەردۆغان و بە کۆبوونەوەی هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ، ڤلادیمیر پووتین و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، دەکرێت ئەو دیدارانەی لە ئیستەنبووڵ کراون، بگەنە ئەنجامی باش".
16ـی ئەم مانگە شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ کۆبوونەوە و لەسەر ئاڵۆگۆڕکردنی 1000 دیلی جەنگ رێککەوتن؛ هەردوولا تاوتوێی ئەگەری ئاگربەست و کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان سەرۆکەکانی هەردوولایشیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ