رووداو دیجیتاڵ
پارتی کۆنسێرڤاتیڤی دانیمارکی پڕۆژەیەکی ئامادەکردووە بۆ رێگریکردنی پێدانی (مانەوەی کار) بە هاووڵاتییانی وڵاتانی زۆرینە موسڵمان و دەڵێت: ئەو کەسانە لە درێژمەودا دا "دەبنە بار بەسەر وڵاتەوە."
پارتی کۆنسێرڤاتیڤی دانیمارکی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، ئەو کەسانەی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باکووری ئەفریقیا، پاکستان و تورکیاوە بۆ مەبەستی کارکردن روو لە دانیمارک دەکەن، دواتر "دەبنە بار بەسەر وڵاتەکەوە و ئەرکیان لە قازانجیان زیاتر دەبێت."
مێتتێ ئابیلدگارد، گوتەبێژی کاروباری سیاسیی پارتی کۆنسێرڤاتیڤ، ئاماژەی بەوە کردووە کە "کێشەی گەورەی ئەو کەسانە ئەوەیە کە دواتر بۆ خۆگونجاندن دەبنە بار بەسەر دەوڵەتی دانیمارکەوە."
گوتەبێژی کاروباری سیاسیی پارتی کۆنسێرڤاتیڤ دەڵێت: "هەرچەندە هاتنی ئەوانە لە کورتمەودادا باشە، بەڵام بۆ درێژمەودا لە بەرژەوەندیی دانیمارکدا نین."
لە بەرامبەردا، دامەزراوەی "دانسک ئیندوستری"، کە گەورەترین دامەزراوەی خاوەنکاران و کارکەرانی دانیمارکە، دژایەتیی خۆی بۆ ئەم پڕۆژەیە راگەیاندووە. ئەو دامەزراوەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "گرنگ کوالێتی و شارەزایی ئەو کەسەیە کە دێت و پێویستمان پێیەتی، نەک ئەوەی لەکوێوە هاتووە."
تاوەکو ئێستا روون نییە کە ئایا ئەم پڕۆژەیە لەناو پەرلەمانی دانیمارکدا چەندە پشتیوانی لێدەکرێت لەلایەن پارتەکانی دیکەوە.
بە گوێرەی یاسا کارپێکراوەکانی ئێستای دانیمارک بۆ هێنانی هێزی کار، هیچ مەرج و رێگرییەک بۆ وڵاتێکی دیاریکراو دانەنراوە. تەنیا مەرج ئەوەیە کە دەبێت مووچەی مانگانەی کەسی داواکار بگاتە 42 هەزار و 833 کرۆنی دانیمارکی، کە یەکسانە بە نزیکەی 6500 دۆلاری ئەمریکی یان 5700 یۆرۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ