بارسێلۆنا وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر جەنگی غەززە 'رێککەوتنی دۆستایەتی' لەگەڵ تەلئەڤیڤ هەڵدەوەشێنێتەوە

30-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی شاری بارسێلۆنای هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا رۆژی هەینی بڕیاری دا پەیوەندییە دامەزراوەییەکانی لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل بپچڕێنێت و رێککەوتنی دۆستایەتی لەگەڵ شاری تەلئەڤیڤ هەڵبوەشێنێتەوە.
 
ئەنجوومەنەکە دەڵێت، ئیسرائیل لە غەززە یاسای نێودەوڵەتی و مافی فەلەستینییەکانی پێشێلکردووە.
 
پڕۆژەی بڕیارەکە لە لایەن پارتی سۆسیالیستی فەرمانڕەوا و پارتە چەپەکان و سەربەخۆییخوازەکانەوە پشتیوانی لێکرا. 
 
بڕیارەکە داوای کۆتاییهێنان بە هەموو پەیوەندییە فەرمییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەکات "تاوەکو ئەو کاتەی رێز لە یاسای نێودەوڵەتی" و "مافە بنەڕەتییەکانی گەلی فەلەستین" دەگرێت.
 
بارسێلۆنا هەروەها رێککەوتنی دۆستایەتی لەگەڵ تەلئەڤیڤ هەڵدەپەسێرێت کە لە ساڵی 1998 لەگەڵی واژۆی کردبوو، هەروەها داوا لە رێکخەری پێشانگەی بازرگانیی "فیرا دێ باراسێلۆنا"ـی کرد میوانداریی کۆمپانیاکانی سەر بە حکومەتی ئیسرائیل و ئەو کۆمپانیایانە نەکات کە چەکیان بە سوپاکەی فرۆشتووە.
 
ئەنجوومەنەکە داوا لە بەندەری بارسێلۆناش دەکات هەمان رێکار بەرامبەر کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان بگرێتەبەر.
 
خاومێ کۆڵبۆنی، سەرۆکی شارەوانیی بارسێلۆنا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەدا گوتی: "ئازار و مردن لە غەززە لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوودا و هێرشەکانی ئەم دواییەی حکومەتی ئیسرائیل، وایانکردووە هەبوونی هەموو جۆرە پەیوەندییەک نەشیاو بێت."
 
ئەمە یەکەمجار نییە بارسێلۆنا هەنگاو بۆ هەڵپەساردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەنێت. لە ساڵی 2023دا ئادا کۆلاو، سەرۆکی شارەوانیی ئەوکاتی شارەکە هەنگاوی هاوشێوەی نا کە دواتر کاتێک کۆڵبۆنی هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی بردەوە، هەنگاوەکە پێچەوانە کرایەوە".
 
بڕیارەکەی دووەم گەورەترین شاری ئیسپانیا کە شوێنێکی سەرەکیی گەشتیارییە و ماڵی یەکێک لە ناسراوترین یانەکانی تۆپی پێی جیهانە، دەچێتە پاڵ ئەو کاردانەوە ناڕازییانەی دژی ئیسرائیل لە سەرانسەری جیهان دروست بوون. 
 
هەنگاوەکەی بارسێلۆنا ساڵێک دوای ئەوە دێت کە ئیسپانیا، ئێرلەندا و نەرویج بە فەرمی دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا نا، کە ئەو بڕیارەیان لە لایەن ئیسرائیلەوە بە تووندی سەرکۆنەکرا.
 
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا یەکێکە لە دیارترین سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا کە بە روونی رەخنە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەگرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا