رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک مشتومڕی گەورەی نایەوە، دوای ئەوەی بە لاچاوێکی مۆرهەڵگەڕاوەوە لە کۆشکی سپی لە کاتی ماڵئاواییکردن لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەرکەوت.
ملیاردێرەکە دەڵێت، ئێکسی کوڕە بچووکی، بۆکسێکی لێداوە.
رۆژنامەڤانان پرسیاریان لە مەسکی تەمەن 53 ساڵ کرد کە بۆچی لاچاوی راستی مۆر هەڵگەڕاوە، لە وەڵامدا گوتی: "لەگەڵ ئێکسی بچووک خەریکی یاریکردن بووم. پێم گوت، بۆکسێک لە دەموچاوم بدە. ئەوەیش بە قسەی کردم. ئیدی وادیارە منداڵێکی پێنج ساڵانیش ئەگەر بۆکسێکت لێبدات [ئازارت دەدات]."
مەسک بە پێکەنینەوە کۆتایی بە رستەکەی هێنا.
گوتیشی: "ئەوکات هەستم بە شتێکی ئەوتۆ نەکرد، بەڵام وابزانم شوێنەکەی مۆر هەڵگەڕا."
ترەمپ کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رێکخستبوو بە بۆنەی دوایین رۆژی مەسک لە فەرمانگەی کارامەیی حکومەت کە ملیاردێرەکە سەرپەرشتی دەکرد.
بە تێپەڕبوونی کات، بێئومێدبوونی مەسک لە بەرامبەر کارەکەی زیاتر بوو، کە ئامانجی سەرەتای بریتیبوو لە کەمکردنەوەی خەرجی و قەبارەی حکومەت. بەڵام مەسک گوتی، وەک "هاوڕێ و راوێژکارێک"ی ترەمپ دەمێنێتەوە.
ترەمپ گوتی: "تێبینی نەکردووە" بەرچاوی مەسک مۆر هەڵگەڕابێت، بەڵام "ئەگەر ئێوە ئێکس بناسن، دەزانن کە دەتوانێت وای لێ بکات."
ئێکسی کوڕی مەسک کە ناوی تەواوی "ئێکس ئاش ئەی دوازدە"یە، زوو زوو لە کۆشکی سپی لەگەڵ باوکی دەردەکەوت.
تەنانەت لە یەکەم دەرکەوتنیشیدا لە کۆشکی سپی لە مانگی شوبات، مەسک کوڕە بچووکەکەی دانابووە سەر شانی، ئەو کاتەی لە تەنیشت ترەمپەوە، منداڵەکە بە پەنجە لووتی خۆی پاک دەکردەوە.
ئەو کاتەی باسی لاچاوە مۆرهەڵگەراوەکەییان کرد، مەسک دەرفەتەکەی قۆستەوە بۆ ئەوەی تەنز لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بگرێت کە یەکشەممەی رابردوو خانمی یەکەمی فەرەنسا بە بەردەم کامێراکانەوە بە هەردوو پاڵی بە دەموچاوییەوە نا.
کاتێک رۆژنامەڤانان پرسیاریان لە ترەمپ کرد، تێبینی لەسەر ڤیدیۆکەی ماکرۆن و هاوژینەکەی چییە، مەسک بە پێکەنینەوە گوتی: "منیش ئێرەم کەمێک مۆر هەڵگەڕاوە." گوتیشی: "من توخنی فەرەنسا نەکەوتووم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ