رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەک دەریدەخات، نیوەی دانیشتووانی جیهان لە ماوەی ساڵی رابردوودا مانگێک زیاتر گەرمای تووندیان بەرکەوتووە، ئەوەش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە کە مرۆڤ خۆی هۆکارەکەیەتی.
توێژینەوەکە رۆژی هەینی بڵاوکراوەتەوە و نووسەرانی دەڵێن، دەرئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن کە چۆن بەردەوامیی سووتاندنی سووتەمەنییە نەریتییەکان زیان بە سیستمی تەندروستی لە هەموو کیشوەرەکان دەگەیێنێت، هەروەها کاریگەرییەکانی لە وڵاتانی گەشەسەندوودا کەمتر هەستی پێکراوە.
فریدریک ئۆتۆ، پسپۆڕی کەشوهەوا و توێژەر لە کۆلێژی ئیمپریاڵ لە لەندەن دەڵێت، "لەگەڵ هەر بەرمیلێک نەوت کە دەسووتێنرێت، هەر تەنێکی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کە دەردەدرێت، کاریگەری شەپۆلەکانی گەرما لەسەر خەڵک زیاتر دەبێت."
بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەریی گەرمبوونی جیهان، توێژەران شیکارییان بۆ ماوەی نێوان 1ـی ئایاری 2024 تاوەکو 1ـی ئایاری ئەم ساڵ کردووە.
توێژەران "رۆژانی گەرمای تووند"یان بەو رۆژانە پێناسە کردووە کە پلەی گەرمییان لە 90٪ـی ئەو پلە گەرمییانە بەرزتر بووە کە لە شوێنێکی دیاریکراودا لە نێوان ساڵانی 1991 و 2020 تۆمارکراون.
بەگوێرەی ئەنجامی توێژینەوەکە، نزیکەی چوار ملیار کەس، واتە 49٪ـی دانیشتووانی جیهان لانیکەم 30 رۆژی زیاتری گەرمای توندیان بەسەربردووە لەوەی کە دەبوو بەبێ دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا بەسەریببەن.
تیمەکە 67 رووداوی گەرمای تووندی لە ماوەی ساڵەکەدا دەستنیشان کردووە و شوێنپەنجەی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەر هەموویان دۆزیوەتەوە.
دوورگەی ئارووبا لە کاریبی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، بە تۆمارکردنی 187 رۆژی گەرمای تووند کە 45 رۆژ زیاترە لەوەی لە جیهانێکی بێ گۆڕانی کەشوهەوادا پێشبینی دەکرا.
توێژینەوەکە دوای ساڵێک دێت لە تۆمارکردنی پلەی گەرمای جیهانیی بێوێنە. ساڵی 2024 گەرمترین ساڵی تۆمارکراو بوو، کە پێش ساڵی 2023ـی داوەتەوە، هاوکات مانگی کانوونی دووەمی 2025 وەک گەرمترین مانگی کانوونی دووەم لە مێژوودا تۆمارکرا.
راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر کەمی داتا و زانیاری لەسەر کاریگەرییە تەندروستییەکانی پەیوەست بە گەرما لە ناوچە کەم داهاتەکاندا.
لەکاتێکدا ئەورووپا لە هاوینی ساڵی 2022 دا زیاتر لە 61 هەزار حاڵەتی مردنی پەیوەست بە گەرمای تۆمارکردووە، ئاماری هاوشێوە لە شوێنەکانی دیکە دەگمەنن، و زۆرێک لە حاڵەتەکانی مردن بەهۆی گەرماوە بە هەڵە دەدرێنە پاڵ نەخۆشییە بنەڕەتییەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ یان سییەکان.
ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە جەختیان لە پێویستیی بوونی سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، هۆشیارکردنەوەی گشتی و پلانی کارکردنی تایبەت بە شارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەرما کردەوە.
دیزاینی باڵەخانەکان، وەک دابینکردنی سێبەر و هەواگۆڕکێی گونجاو، گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتدا وەک دوورکەوتنەوە لە چالاکیی جەستەیی قورس لە کاتەکانی لووتکەی گەرمادا، زۆر گرنگن.
لەگەڵ ئەوەشدا، توێژەران هۆشداری دەدەن و دەڵێن، خۆگونجاندن بە تەنیا بەس نییە. تەنیا رێگە بۆ راگرتنی زیادبوونی تووندی و دووبارەبوونەوەی شەپۆلەکانی گەرمای توەند، بریتییە لە کەمکردنەوەی خێرای بەکارهێنانی سووتەمەنییە نەریتییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ