گۆڕانکاریی کەشوهەوا وەرزی هاوین لە بەشێکی جیهان دەکاتە چوار مانگ

30-05-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
خۆرێکی بەتین، وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
خۆرێکی بەتین، وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی وڵاتانی جیهان رووبەڕووی گەرمایەکی تاقەتپڕووکێن بوونەتەوە؛ خەڵکی شاری ئەحمەدئابادی هیندستان بەشێکن لەوانەی شەپۆلەکەیان پێگەیشتووە، بەدوای هۆکارێکدا دەگەڕێن لەو دۆخە خۆیان رزگار بکەن. 
 
فرێدریک ئۆتۆ، پرۆفیسۆری بواری گۆڕانی کەشوهەوا لە زانکۆ شاهانەی لەندەن دەڵێت، "گۆڕانی کەشوهەوا ژمارەی رۆژانی بەرزیی پلەی گەرمای بە شێوەیەکی بەرچاو زیادکردووە و لە نزیکەی هەموو وڵاتانی جیهان دا، ژمارەی رۆژانی بەرزیی پلەی گەرما بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، لانیکەم دوو هێندە زیادیکردووە."
 
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ؛ چوار ملیار کەس کە دەکاتە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی جیهان، لە 12 مانگی رابردوودا؛ بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لانیکەم مانگێکی زیاتریان لە گەرمای تووند دا بەسەربردووە.
 
لە مانگی ئایاری 2024ـوە 67 شەپۆلی گەرمای تووند هەڵیانکردووە. ئەم شەپۆلەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، زیادبوونی گیانلەدەستدان، زیان بە بەروبوومی کشتوکاڵی و گوشاری زیاتریشی خستووەتە سەر سیستمەکانی وزە و چاودێریی تەندروستی لە جیهاندا.
 
کۆمەڵگە هەژارەکان و کەسانی بەتەمەن و ئەوانەشی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە قوربانی یەکەم بوون.
 
پیتەر پرێنگمان، شارەزایی کەشناسیی دەڵێت: "پێدەچێت جیهان لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا زۆر گەرمتر ببێت. ئەمە پەیامی رێکخراوی کەشناسی جیهانی و نووسینگەی کەشناسی بەریتانیایە."
 
رووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی رۆژە گەرمە پڕووکێنەرەکان بریتین لە؛ چاودێریکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی فریاکەوتن، زیادکردنی پەناگەکانی فێنککەرەوە، نوێکردنەوەی یاساکانی بیناسازی، جێبەجێکردنی رێنماییەکانی سەلامەتی لە شوێنی کار و دیزاینکردنی شارەکان بە شێوەیەک کە زیاتر خۆڕاگر بن لە بەرامبەر گەرما.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە