گەنجێکی خەڵکی حەلەب لە ئەڵمانیا رووبەڕووی هێرشکارێک دەبێتەوە کە 18 کەسی بریندار کردووە

30-05-2025
رووداو @Rudawkurdish
وێنەی گەنجەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای ئەڵمانی بڵاوکراوەتەوە
وێنەی گەنجەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای ئەڵمانی بڵاوکراوەتەوە
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی "قارەمانی" خەڵکی حەلەبی سووریا لە ئەڵمانیا رووبەڕووی هێرشکارێک دەبێتەوە کە بە چەقۆ 18 کەسی بریندار کردووە و رێگری لێدەکات. ئێستا لە ئەڵمانیا باس باسی ئازایەتی و ئەو گەنجەیە و پۆلیسیش سوپاسی کردووە.
 
محەممەد ئەو گەنجە تەمەن 18 ساڵەیە لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا بووەتە جێی ستایشی پۆلیس و رای گشتی دوای ئەوەی رۆژی هەینی رابردوو بە ئازایەتییەوە رووبەڕووی خانمێک بووەوە کە بە چەقۆ هێرشی دەکردە سەر خەڵکی سیڤیل و توانی رایبگرێت تاوەکو پۆلیس دەگاتە شوێنی رووداوەکە.
 
محەممەد، کە سێ ساڵ پێش ئێستا وەکو باسدەکرێت لە حەلەبی سووریاوە گەیشتووەتە ئەڵمانیا و لە شاری بوخهۆڵتز نیشتەجێیە، رۆژی هەینی رابردوو، لە وێستگەی شەمەندەفەری شاری هامبۆرگ بووە و چاوەڕێی شەمەندەفەری کردووە تاوەکو بگەڕێتەوە ماڵەکەی. ئەو بۆ سەردانی هاوڕێیەکی چووبووە ئەو شارە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، لەکاتێکدا محەممەد چاوەڕێ بووە، لەناکاو دەبینێت خەڵک بە ترسەوە هەڵدێن. ئەو، کە ئەزموونی ژیانی سەختی لە ناوچە شەڕاوییەکاندا بووە، لەجیاتی هەڵاتن، سەرنجی داوە بزانێت هۆکاری دۆخەکە چییە. لەو کاتەدا خانمێکی بە چەقۆوە بینیوە کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی هێرشی کردووەتە سەر رێبواران.
 
محەممەد بەبێ ترس بەرەو هێرشکارەکە چووە. هاوکات، کۆچبەرێکی دیکەی چیچانی کە لە نزیکی رووداوەکە بووە بووە، شەقێک لە خانمە چەقۆوەشێنەکە دەدات و دەیخاتە زەوی.
 
یەکسەر محەممەدیش پەلاماری داوە و هەردوو دەستی لە پشتەوە بە کۆڵەپشتەکەیەوە بەستووەتەوە و بەو شێوەیە رایگرتووە تاوەکو هێزەکانی پۆلیس گەیشتوون و دەستگیریان کردووە. بەو کارەی، محەممەد رێگری کردووە لەوەی ژمارەی قوربانییەکان بگاتە 19 کەس.
 
دوای رووداوەکە، پۆلیسی ئەڵمانیا نەک هەر رێگەیان نەداوە محەممەد بە شەمەندەفەر بگەڕێتەوە ماڵەوە، بەڵکو وەک رێزلێنانێک لە ئازایەتییەکەی، بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس گەیاندوویانەتەوە و لە رێگەشدا کاپۆچینۆیەکیان بۆ کڕیوە و سوپاسیان کردووە.
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا، ژمارەیەکی زۆر لە ئەڵمانەکان وەک پاڵەوانێک ستایشی محەممەد دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو نموونەیەکە بۆ پێکەوەژیان و بوێری.
 
سەبارەت بە ناسنامەی وردتری محەممەد، لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە رەنگە کورد بێت و خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بێت. تیمی بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو بەدواداچوونی بۆ ئەم زانیارییە کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
 
هێڵی گەرمی بەرنامەی دیاسپۆرا کراوەیە بۆ هەر کەسێک زانیاریی دروست و باوەڕپێکراوی لەسەر ناسنامە و چیرۆکی محەممەد هەبێت، و چاوەڕوان دەکرێت لە ئەڵقەی داهاتووی بەرنامەکەدا، ئەگەر زانیارییەکان پشتڕاست ببنەوە، محەممەد میوانی بەرنامەکە بێت.
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە