رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی سووتاندنی قورئان لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە سوێد دەکات و بە "بێڕێزیکردن بە موسڵمانان" ناوی دەبات.
رۆژی پێنجشەممە 29ـی حوزەیرانی 2023، هاوپەیمانیێتی شارستانیێتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNAOC) لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزی کرد و رایگەیاند: "ئێمە جەخت لە گرنگی مافی ئازادی رادەربڕین دەکەینەوە، لەهەمانکاتدا، بێڕێزی بە کتێبە پیرۆزەکان و ئەو شوێنانەی کە خوداپەرستییان تێدا دەکرێت و سیمبولە ئاینییەکان، جێگەی قبووڵکرن نییە و سەردەکێشێت بۆ تووندوتیژی."
میگێڵ مۆڕاتینۆس، نوێنەری باڵای هاوپەیمانییەتی شارستانییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تویتێکدا سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی کرد و رایگەیاند: "دووپاتیدەکەینەوە کە رێزگرتنی هاوبەش بنەمایە بۆ بنیادنان و بەرەوپێشبرنی کۆمەڵگە ئاشتیخوازەکان."
ئەوە لەکاتێکدایە کە پەنابەرێکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقی لە سوێد بە ناوی سەلوان مۆمیکا لە یەکەمین رۆژی جەژنی قوربان لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم کۆپیێکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
سووتاندنی ئەو کۆپییەی قورئانی پیرۆز لە سەرانسەری وڵاتانی زۆرینە موسڵمانان و چەند وڵاتێکی دیکەش ناڕەزایی و سەرکۆنەکردنی بەدوای خۆیدا هێنا.
کارەکەی سەلوان، جگە لە تووڕەکردنی موسڵمانان، کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی لێکەوتەوە.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "ئەوە بۆ موسڵمانان شتێكی پیرۆزە و بۆ ئایینەکانی دیکەش پیرۆزە. لە وڵاتی ئێمە بێڕێزی بە قورئان تاوانە." هەروەها ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "بەردەوام رامانگەیاندووە کە سووتاندنی کتێبی ئایینی بێڕێزی و ئازاربەخشە."
حکومەتی عێراق بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کارەی کرد و هۆشداری لە ئەنجامە نەرێنییەکانی دا و گوتی: "ئەم کردەوانە رەنگدانەوەی گیانێکی شەڕانگێزیی رقاوین." سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى عێراقیش داوای کرد رێوشوێنە یاساییەکان بگرنەبەر، بۆئەوەى بەگوێرەى یاسا داواى گەڕاندنەوەى ئەو کۆچبەرە بکەن.
لە هەرێمی کوردستانیش، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند: "كردەی ناڕەوای سووتاندنی قورئانی پیرۆز بە هیچ شێوەیەك ناچێتە چوارچێوەی ئازادیی ڕادەربڕین و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت. ئەمە برینداركردنی هەست و سۆزی تێكڕای موسڵمانانی جیهانە و زۆر بە تووندی سەركۆنەی دەكەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ