یەكێتیی ئەوروپا داوا لە ئێران دەکات 'ناردنی درۆن بۆ رووسیا' بووەستێنێت

30-06-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، پێویستە ئێران "ناردنی درۆن بۆ رووسیا بووەستێنێت،" و مینسکیش رێگە بە مۆسکۆ نەدات کڵاوەی ئەتۆمی لە خاکی بێلاڕووس جێگیر بکات. 
 
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا کە تێیدا گفتوگۆ لەگەڵ یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ کرا و راوبۆچوونیان لەسەر پرسی ئاساییشی ئەوروپا ئاڵۆگۆڕ کرد، ئەنجوومەنەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تییدا هاتووە، یەكێتیی ئەوروپا "بە تووندی سەرکۆنەی جەنگی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا" دەکات و بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی یارمەتیی بەهێزی دارایی، ئابووری، مرۆیی، سەربازی و دیپلۆماسی بۆ ئۆکراینا و خەڵکەکەی. 
 
ئەنجوومەنەکە داوا لە ئێران و بێلاڕووس دەکات، لەو شەڕەدا یارمەتیی رووسیا نەدەن. دەشڵێت: "ئەنجوومەنی ئەوروپی سەرکۆنەی پاڵپشتیی سەربازیی بەردەوامی ئێران و بێلاڕووس بۆ رووسیا دەکات."
 
ئۆکراینا و رۆژئاوا دەڵێن، ئێران بە پێدانی درۆن یارمەتییەکی گەورەی رووسیا دەدات، بەڵام تاران تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە. 
 
رۆژی 5-10-2022، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تاران بە رۆژنامەڤانانی گوت، وڵاتەکەی درۆنی بە رووسیا داوە، بەڵام پێش دەستپێکردنی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی 2022دا بووە. 
 
عەبدوڵڵاهیان بە هاوتا ئۆکراینییەکەی گوت، "هەر بەڵگەیەکیان لەبەردەستدایە کە دەیسەلمێنێت رووسیا لەو جەنگەدا سوود لەو درۆنانە وەردەگرێت، رادەستی بکات."
 
ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا ئەم مانگە رایگەیاند، پەیوەندیی نێوان تاران و مۆسکۆ لە بواری درۆندا پەرەی سەندووە و ئێران کەرەستەی دروستکردنی کارگەی بەرهەمهێنانی درۆنی بۆ رووسیا ناردووە. 
 
بێلارووسیش رایگەیاندووە کە ئەوان هیچ رۆڵێکیان لە هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا نییە، بەڵام جێگیرکردنی کڵاوە ئەتۆمییەکانی رووسیا لە نێو خاکی بێلارووسی هاوسنوور لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا، وڵاتە ئەوروپییەکانی نیگەران کردووە. 
 
ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، "پێویستە بێلارووس چیدیکە رێگە بە هێزە چەکدارەکانی رووسیا نەدات خاکەکەی  بەکاربێنن، لەنێویدا بۆ جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمیی تەکتیکی."
 
سێشەممەی رابردوو، ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بێلارووس رایگەیاند، زۆربەی ئەو چەکە ئەتۆمییانەی کە رووسیا بەنیاز بوو بیاننێرێت، گەیشتوونەتە خاکی وڵاتەکەی، بەڵام رەتیکردەوە ژمارەیان ئاشکرا بکات. 
 
لە بارەی ئێرانیشەوە، ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، "پێویستە ئێران دابینکردنی درۆن بۆ رووسیا بووەستێنێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.