ژیریی دەستکرد فێری فێڵ و هەڕەشەکردن دەبێت؛ 'بە خەڵک دەڵێم لەگەڵ ژنێکی دیکە خەوتوویت'

30-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێشکەوتووترین بەرنامەکانی ژیریی دەستکردی جیهان فێری رەفتاری سەیر بوون، تەنانەت هەندێکیان فێربوون هەڕەشە لە بەکارهێنەرانیان دەکەن، بۆئەوەی بەو ئامانجانە بگەن کە خۆیان بە دروست و رەوا دەیانبینن.
 
لە یەکێک لە نموونە حەپەسێنەرەکاندا، کاتێک ئەندازیارێک بە بەرنامەی کلۆد-4ی کۆمپانیای ئەنترۆپیکی گوتووە، پێویستە لە کارکردن بوەستیت، بەرنامەکە هەڕەشەی لە ئەندازیارەکە کردووە کە ئەگەر وازی لێ نەهێنێت، ئەوا نهێنییەکەی ئاشکرا دەکات و بە بەکارهێنەرانی دیکە دەڵێت، ئەندازیارەکە ناپاکی لە هاوژینەکەی کردووە و لەگەڵ ژنێکی دیکە خەوتووە.
 
هەروەها بەرنامەی o1ی کۆمپانیای OpenAI، بۆئەوەی خۆی لە کوژاندنەوە یان وەستان لە کارکردن رزگار بکات، هەوڵی داوە تەنیا لەسەر سێرڤەری سەرەکی نەمێنێتەوە و دەستی کردووە بە داونلۆدکردنی بەرنامەکەی لەسەر سێرڤەری دەرەکی، بەڵام لە نێوەڕاستی پرۆسەکەدا لەلایەن ئەندازیارانەوە گیرا و وەستێندرا.
 
ئەم رووداوانە بەو جۆرە لێکدانەوەیان بۆ دەکرێت، کە پاش تێپەڕینی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر ئەو وەرچەرخانەی ChatGPT لە جیهاندا کردی، لێکۆڵینڤانان و ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد هێشتا بە تەواوی لە دروستکراوی دەستی خۆیان تێناگەن و بە تەواوی نازانن چۆن کاردەکەن.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، هەریەکە لای خۆیەوە هەوڵ دەدات پێش ئەوی دیکە بکەوێت و بەهێزترین بەرنامەی ژیریی دەستکرد دروست بکات، بێ ئەوەی کۆدەنگییەکیان هەبێت لەسەر ئەوەی کە دەبێت ساتێک بوەستن و سنوور و کۆتوبەندەکانی تەکنەلۆجییەکە تووند بکەن، بۆئەوەی لەدەست دەرنەچێت.
 
ئەم رەفتارە خراپانەی بەرنامەکانی ژیریی دەستکرد، دەبەسترێنەوە بەو بەرنامانەی کە تایبەتمەندیی "reasoning" یان تێڕامانیان هەیە؛ ئەوانەی کە یەکسەر وەڵامی بەکارهێنەر نادەنەوە، بەڵکو بیردەکەنەوە و هەنگاو بە هەنگاو کێشەکان شی دەکنەوە.
 
سایمن گۆڵدستەین، مامۆستای زانکۆی هۆنگ کۆنگ ئاماژە بەوە دەکات، ئەم بەرنامە نوێیانەی کە ئەو تایبەتمەندییەیان هەیە، زیاتر گومانیان لێ دەکرێت دەست بە فێڵ و درۆکردن بکەن.
 
ماریوس هۆبهام، سەرۆکی ناوەندی Apollo Research کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە ژیریی دەستکرد، دەڵێت، "O1یەکەمین بەرنامە بوو لە جۆری مۆدێلی زمانەوانیی گەورە کە ئەم جۆرە رەفتارەمان تێدا بینی."
 
مۆدێلی زمانەوانیی گەورە مەبەست لە بەرنامەکانی وەک چات جی پی تی، گووگڵ جێمنای، کلۆد ئەی ئای و دیپ سیک و ئەوانی دیکەیە کە بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ، پشت بە بڕێکی یەکجار زۆر نووسین دەبەستن کە پێشتر پێیان دراوە و لەسەری راهێندراون.
 
ئەم جۆرە بەرنامانەی ژیریی دەستکرد، بە گوتەی هۆبهام، هەندێ جار وا خۆیان نیشان دەدەن کە شوێن رێنماییەکانی بەکارهێنەر دەکەون، بەڵام بە نهێنی و لە ژێرەوە بە دوای مەبەستی خۆیان دەکەون و کاری دیکە دەکەن. 
 
تاوەکو ئێستا ئەم مامەڵە سەیرانەی ژیریی دەستکرد تەنیا لەو کاتەدا بینراون کاتێک ئەندازیار و لێکۆلینڤانان ویستوویانە گوشار لە بەرنامەکان بکەن و داوای کوژاندنەوەیان لێ بکەن، واتە تاوەکو ئێستا لە خۆیانەوە هەڕەشەیان لە هیچ بەکارهێنەرێک نەکردووە.  
 
بەڵام مایکڵ چێن، لێکۆلینڤانی رێکخراوی METR هۆشداری دەدات و دەڵێت: "کەس نازانێت لە داهاتوودا ئەو بەرنامانەی کە توانای زیاتریان دەبێت، ئایا مەیلی راستگۆییان دەبێت یان فێڵبازی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا