سەرنشینانی بەلەمەکەی فەرەنسا رزگار کران؛ بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەشێکیان گەیشتنە بەریتانیا

30-06-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ بەلەمێکی چووپی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز دوای ئەوەی کێشەی بۆ دروستبوو، پۆلیسی فەرەنسا نیوەی سەرنشینەکانی رزگار کرد و نیوەکەی دیکەشیان خۆیان گەیاندە بەریتانیا.
 
رووداوەکە نزیک کاژێر 06:00ی بەیانیی ئەمڕۆ لە نۆکەندی ئینگلیز لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا روویداوە. چالاکڤانێکی کۆچبەران لە ئەورووپا دەڵێت، دوای بەهاناوەچوونی پۆلیس، سەرجەمیان رزگار کراون.
 
رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە ئەورووپا ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەلەمەکە چووپ بووە؛ زیاتر لە 70 کۆچبەری تێدابووە، کە زیاتر لە 65 یان کورد بوون."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو چالاکڤانە کە لەگەڵ کۆچبەرەکان قسەی کردووە، بەهۆی زۆریی سەرنشینەکانەوە بەلەمەکە کێشەی بۆ دروستبووە و داوای بەهاناوەچوونیان لە پۆلیسی فەرەنسا کردووە.
 
پشدەری ئاماژەی بەوەش کرد، "کاتێک پۆلیسی فەرەنسا چووە بەهانایانەوە تووشی سەرسووڕمان بوون لە زۆریی سەرنشینەکان، ئەوان توانیویانە نیوەیان ببەنە نێو بەلەمەکەی خۆیان و بیانگەڕێننەوە فەرەنسا. دواتر چووپەکە سووک بووە، نیوەکەی دیکەیان خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا."
 
بە گوتەی ئەو چالاکڤانە، تەواوی سەرنشینەکان بە سەلامەتی لە ئاوەکە رزگاریان بووە، ئەوانەی رزگار کراون لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
 
رەنج پشدەری باسی لەوەش کرد، "لەم وەرزەدا خەڵکێکی زۆر لە فەرەنساوە دەچنە بەریتانیا. بەگوێرەی میدیاکانی ئەورووپا، تەنیا ئەمڕۆ نزیکەی 200 کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە