دوو هاونیشتمانیی کورد لە فەرەنسا بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزادران

30-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکی فەرەنسا سزای حەوت بۆ هەشت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر حەوت ئەفغانی و دوو هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان سەپاند، هۆکارەکەیشی ئەوەیە، قاچاخچی بوون و ساڵی 2022 بەلەمێکیان لە نۆکەندی ئینگلیز ژێرئاو کەوتووە، بەوهۆیەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە. 
 
فەرەنسا و بەریتانیا بەڵێنیان داوە رێوشوێنی تووند دژی قاچاخچییان بگرنەبەر، کە لە بەرامبەر هەزاران دۆلاردا کۆچبەران لە بەلەمی بچووک باردەکەن بۆ ئەوەی لە نۆکەندی ئینگلیز بیانپەڕێننەوە.
 
بەرەبەیانی رۆژی 14ی کانوونی یەکەمی 2022، بەلەمێکی بچووک کە کۆچبەری ئەفغانی، ئەلبانی، هیندی و سێنیگالی هەڵگرتبوو، لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوت.
دوای ئەوەی بەلەمەکە لە دووریی چەند کیلۆمەترێک لە کەناراوەکانی بەریتانیا کوون بوو، چوار کەس خنکان و چوار کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
 
تەنیا تەرمی یەکێک لە قوربانییەکان ناسرایەوە، کە پیاوێکی ئەفغانی بوو.
 
ئەوکات تیمەکانی فریاگوزاری 39 کەسیان لە خنکان رزگار کرد.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، دادگایەکی شاری لیلی فەرەنسا سزای حەوت بۆ هەشت ساڵی بەسەر حەوت قاچاخچییە ئەفغانییەکاندا سەپاند. 
 
هەردوو هاونیشتمانییە کوردەکەش سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دادگەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر دوو هاونیشتمانییەکە ئاشکرا نەکردووە. 
 
هەروەها دادگە بڕیاری دا هەموویان بە بڕی 50 هەزار بۆ 100 هەزار یۆرۆ (58 هەزار بۆ 117 هەزار دۆلار) سزا بدرێن و لە دوای تەواوکردنی سزاکەیان خاکی فەرەنسا جێبهێڵن.
 
بڕیارە کەسێکی دیکە کە 10یەم ئەندامی تۆڕەکەیە و لە بەلجیکا دەستبەسەرە، لە کاتێکی دیکەدا دادگایی بکرێت.
 
داواکاری گشتیی فەرەنسا رایگەیاند، پێشتر دادگایەکی بەریتانیا سزای نۆ ساڵ زیندانی بەسەر گەنجێکی سێنیگالیدا سەپاندووە کە شۆفێری بەلەمەکە بووە.
 
لەکاتی دادگاییکردنەکەدا لە سەرەتای ئەم مانگە، داواکاری گشتی گوتی، ئەو بەلەمەی لە رووداوەکەدا بەکارهاتبوو "بەتەواوەتی بۆ گەشتی دەریایی نەشیاو بووە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتباران سوودیان لە بازرگانییەکی نایاسایی "زۆر قازانجبەخش" وەرگرتووە، کە تێیدا کۆچبەران بە تێکڕا 3500 یۆرۆیان (4000 دۆلار) بۆ پەڕینەوەکە داوە.
 
"دەنگێکی بەرز پێش خنکان"
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، پێش بەڕێکەوتن چەندین کەس گوێیان لە دەنگێکی بەرزی تەقینەوە بووە، وەک ئەوەی بەلەمەکە کون بووبێت. قاچاخچییەکان بە سەرنشینەکانیان گوتبوو نیگەران نەبن و ئەوە تاکە بەلەمە کە بۆ پەڕینەوەکە بەردەست بێت.
 
بەڵام دەریا شەپۆلاوی بوو و هێلەکی رزگاریی پێویست بۆ هەموو سەرنشینەکان نەبووە. بەپێی گوتەی رزگاربووان، ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە هێلەکیان لەبەردا نەبووە.
 
دوای یەک بۆ دوو کاژێر، بەلەمەکە پڕ بوو لە ئاو و سەرنشینەکان بە شڵەژانەوە هەستانە سەر پێ بۆ ئەوەی سەرنجی کەشتییەکی دیکە رابکێشن، بەڵام بەلەمەکە لەژێر قورسایی ئاوەکەدا تێکشکا و هەموو سەرنشینەکان کەوتنە ناو ئاوە بەستەڵەکەکەوە.
 
رووداوەکەی ساڵی 2022 یەکێک بوو لە کوشندەترین رووداوەکانی نۆکەندی ئینگلیز لە ساڵانی رابردوودا. لە تشرینی دووەمی 2021، رووداوێکی دیکەی دڵتەزێن بووە هۆی گیانلەدەستدانی 27 کەس لە کەناراوەکانی فەرەنسا، کە دۆسیەکەی هێشتا نەچووەتە دادگە.
 
لانیکەم 17 کەس ئەم ساڵ لە هەوڵی پەڕینەوەیاندا گیانیان لەدەستداوە، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرا کە 78 کەس بوو.
 
وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە پەڕینەوەی کۆچبەران، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا کار دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە بەڕێکەوتنی بەلەمەکان بکەن. هەروەها لەسەر دەریاش هەوڵ دەدەن، بەڵام تەنیا بۆ رزگارکردنی سەرنشینەکان ئەگەر بەلەمێک داوای یارمەتی بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.