لە فەرەنسا بەهۆی گەرماوە هۆشداریی 'سوور' راگەیێندرا

30-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەزگای کەشناسیی نیشتمانیی فەرەنسا رایگەیاند، پاریس و 15 هەرێمی دیکەی وڵاتەکە بۆ رۆژی سێشەممە دەخرێنە بەرزترین ئاستی هۆشداریی (سوور)، ئەمەش بەهۆی پێشبینیی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ 41 پلەی سیلیزی. ئەمە لەکاتێکدایە کە شەپۆلێکی گەرمای بێوێنە ئەورووپای گرتووەتەوە و ئاگر لە بەشێک لە فەرەنسا کەوتووەتەوە.
 
دەزگەی (Meteo France) روونیکردەوە، ئەمە یەکەمجارە لە ئابی 2023ـەوە ئاگاداریی سوور رابگەیێنرێت و هۆکارەکەشی بۆ "ماوە، پانتایی جوگرافی و تووندی"ی شەپۆلەکە گەڕاندەوە. هاوکات، 68 هەرێمی دیکەی وڵاتەکە لەسەر ئاگاداریی پرتەقاڵی دەمێننەوە کە دووەم بەرزترین ئاستە.
 
پێشتر، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە خرایە حاڵەتی ئامادەییەوە دوای ئەوەی ئاگر لە ناوچەی کۆربیێر لە هەرێمی ئۆد لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە کەوتەوە، لەکاتێکدا پلەی گەرما 40 پلەی سیلیزی تێپەڕاندبوو.
 
دەزگەی کەشناسی رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە باشووری وڵاتەکە بەرزترین پلەی گەرمای تۆمارکرد کە زیاتر لە 40 پلەی سیلیزی (104 فەهرەنهایت) بوو. پلەی گەرما 40.9 پلەی سیلیزی لە شارۆچکەی گرۆسپیێر، 40.1 پلە لە گوندی ڤینسۆبرێ و 39.9 پلەی لە شارۆچکەی کادنێت تۆمارکراوە. 
 
شەپۆلەکە کە لە رۆژی هەینییەوە دەستیپێکردووە، نزیکەی هەموو فەرەنسای گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت لووتکەی گەرماکە لە ناوچەی پاریس رۆژی سێشەممە و شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە بێت، پاشان لە ئێوارەی چوارشەممەوە کەشوهەوا فێنک بێتەوە.
 
برۆنۆ ریتایۆ، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەیەک لە نێوان وەزارەتەکان سەبارەت بە شەپۆلی گەرماکە کراوە و هەندێک شار وەک رێکارێکی خۆپارێزی، خوێندنگەکانیان بۆ سەرەتای هەفتە داخستووە.
 
لە شاری بۆردۆ لە باشووری رۆژئاوا، کە پلەی گەرما گەیشتە 36 پلە، خێزانەکان روویان لە کەنار دەریاچەیەک کردبوو. ئیڤان بێرنارد، کە لەگەڵ کوڕە 18 مانگانەکەیدا بوو، گوتی: "لەوەتەی لە ماڵەوەین، لە شوقەکەدا، ژیانمان دۆزەخە. لە تاریکیدا دەژین، وەک ئەوەی لەناو فڕندا بین".
 
شەپۆلی گەرماکە باشووری ئەورووپای گرتووەتەوە، لە ئیتاڵیاوە تاوەکو پۆرتوگال، لە لیشبۆنە و چەندین هەرێمی دیکەدا ئاگاداریی سوور راگەیێنراوە. لە ئیسپانیا، پلەی گەرما رۆژی شەممە لە ناوچەی ئێل گرانادۆ گەیشتە 46 پلەی سیلیزی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت