کۆشکی سپی بۆ رووداو: ترەمپ بڕیارێکی سەرۆکایەتی دەردەکات بۆ لابردنی سزاکانی سەر سووریا

30-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سپی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە 30-06-2025، فەرمانێکی سەرۆکایەتی بۆ لابردنی سزاکانی سەر سووریا دەردەکات.
 
کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت: "دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ بڕیارێکی سەرۆکایەتی دەردەکات بۆ لابردنی سزاکانی سەر سووریا."
 
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ترەمپ لە مانگی ئایاردا لە سەردانێکیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاندبوو، ئەمریکا هەموو سزاکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵدەگرێت. 
 
لەو سەردانەدا، ترەمپ چاوی بە ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی کاتیی سووریا کەوت، کە لە مانگی ئاداردا حکومەتەکەی راگەیاند، دوای ئەوەی رژێمی ئەسەد لەژێر گوشاری هێرشی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا رووخا.
 
ماوەی چەند مانگێکە حکومەتی کاتیی سووریا داوا لە ئیدارەی ترەمپ دەکات سزاکانی لەسەر کەمبکاتەوە. مانگی پێشوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رێنمایی فەرمیی دەرکرد بۆ کەمکردنەوەی هەندێک سزا لەسەر بانکەکان، هێڵە ئاسمانییەکان و خودی ئەحمەد شەڕع.
 
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، رایگەیاند، ئەو رێکارانە بۆ هاندانی وەبەرهێنانە لە سووریا و گوتی: "وەک سەرۆک ترەمپ بەڵێنی دا، وەزارەتی گەنجینە و وەزارەتی دەرەوە رێگەپێدانەکان جێبەجێ دەکەن بۆ هاندانی وەبەرهێنانی نوێ لە سووریا. دەبێت سووریاش بۆ بوون بە وڵاتێکی سەقامگیر و ئاشتیخواز بەردەوام بێت لە کارکردن."
 
حکومەتە نوێیەکەی سووریا سزاکانی بە هۆکاری نەتوانینی وڵاتەکە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران، ئاوەدانکردنەوەی شارە وێرانبووەکان و بنیاتنانەوەی سیستمی تەندروستی زانیوە.
 
تورکیا و سعودیە، دوو هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە، پاڵپشتیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی سووریا دەکەن.
 
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشتر رایگەیاندبوو، سووککردنی سزاکان لە بەرامبەر چەند مەرجێکدایە، لەوانە دەرکردنی هەموو چەکدارە بیانییەکان لە سووریا، رادەستکردنی ئەو کەسانەی واشنتن بە "تیرۆریستی فەڵەستینی" ناویان دەبات و یارمەتیدانی ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
 
زۆربەی سزا قورسەکان لە دوو دەیەی رابردوودا بەسەر رژێمی ئەسەددا سەپێندرابوون بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و پاڵپشتیکردنی ئەو گرووپانەی کە ئەمریکا بە رێکخراوی تیرۆریستی ناویان دەبات. یەکەمین سزاکان دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی 1979، کاتێک سووریا وەک دەوڵەتی پاڵپشتیکاری تیرۆر دەستنیشان کرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.