لە ئەڵمانیا کوردێک بەهۆی هەوڵی کوشتنی هاوژینەکەی بە 13 ساڵ بەندکردن سزادرا

30-06-2025
کەهی مەحموود
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دادگایەکی بەرلین سزای 13 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەر پیاوێکی کوردی تەمەن 40 ساڵاندا سەپاند کە تۆمەتبارە بە هەوڵی کوشتنی هاوژینەکەی. هاوژینەکەشی دەڵێت، پیاوەکەی بە نیاز بووە ئەو لە عێراق جێبهێڵێت و هاوسەرگیریی لەگەڵ خوشکەکەیدا بکات.
 
دادگای هەرێمیی بەرلین، ئەمڕۆ 30-06-2025 رایگەیاند، سزای 13 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەر (سۆران)ی تەمەن 40 ساڵدا سەپاندووە، بەهۆی هەوڵی کوشتنی (خاوە. ح)ی هاوژینی کە تەمەنی 39 ساڵە. دادوەر ڤۆڵفگانگ دۆبریکات رایگەیاند، سۆران "مەبەستی روونی بۆ کوشتن هەبووە".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی دادگا، شەوی 21 لەسەر 22ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، سۆران بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر هاوژینی، کە ئەو کاتە لەگەڵ کچە 8 ساڵانەکەیاندا لە خەودا بووە. وەک دادگا ئاماژەی پێداوە، تۆمەتبار چەندین جار چەقۆی لە سکی هاوژینی داوە و بە سەختی برینداری کردووە.
 
بە گوتەی دادوەر، تۆمەتبارەکە سەرەڕای هاوار و قیژەی کچە 8 ساڵانەکەی، دەستی لە هێرشەکەی هەڵنەگرتووە. دادوەر دۆبریکات گوتی: "کوڕە 14 ساڵانەکەیان توانیویەتی دایکی لە هێرشەکانی باوکی رزگار بکات و دواتر کارمەندانی کەمپەکە فریاگوزاریی سەرەتاییان پێشکەشی خاوەی بریندار کردووە."
 
"هاوژینەکەم دەیویست هاوسەرگیری لەگەڵ خوشکەکەمدا بکات"
 
بەگوێرەی دادگا، تۆمەتبارەکە خۆی لەبارەی هۆکارەکانی تاوانەکەوە "بێدەنگی هەڵبژاردووە"، بەڵام خاوە لە پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا رایگەیاند، رۆژێک پێش رووداوەکە دەمەقاڵێیان بووە و ئاماژەی بە گەشتێکیان بۆ زێدی خۆیان کرد.
 
بە گوتەی خاوە، لەوێ سۆران پلانی داناوە بەبێ ئەو بگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا، بۆیە ناسنامە و مۆبایلەکەی "لێ دزیوە". خاوە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کاتە هاوژینەکەی داوای هاوسەرگیری لە خوشکەکەی کردووە.
 
ئەو خێزانە ساڵی 2017 چوونەتە ئەڵمانیا و تاوەکو رووداوەکە لە کەمپەکانی پەنابەراندا ژیاون. بەگوێرەی میدیاکانی ئەڵمانیا، ئێستا خاوە و منداڵەکانی لە شوێنێکی پارێزراودا دەژین و چارەسەری دەروونی وەردەگرن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت