رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەى عێراق لە سوێد بە هاوبەشی لەگەڵ نوێنەرى وڵاتانى ئەندامى رێکخراوى هاریکارى ئیسلامى لەو وڵاتە، نامەیەک ئاراستەى وەزیرى دەرەوەى سوێد دەکەن و تێیدا سەرکۆنەى بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز دەکەن.
رۆژی 30ى تەممووزى 2023، وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا، باڵیۆزخانەکەیان لە سوێد بە هاوبەشی لەگەڵ نوێنەرى وڵاتانى ئەندام لە ێکخراوى هاریکارى ئیسلامى لەو وڵاتە، نامەیەکیان ئاڕاستەى تۆبیاس بیلیسترۆم، وەزیرى دەرەوەى سوێد کردووە و تێیدا سەرکۆنەى دووبارەبوونەوەى رووداوەکانى بێڕێزیکردنیان کردووە بە قورئانی پیرۆز لەو وڵاتە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، لەو نامەیەدا ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەو جۆرە کارانە هانى رق و کینە و رەگەزپەرستى دەدات لەدژى ئەو گرووپانەى باوەڕیان بە ئایینێکى دیاریکراو هەیە و رێگەدان بە سووتاندنى قورئان لەلایەن بەرپرسانى سوێدەوە ئاماژەى ئەوەیە کە ئەو جۆرە هێرشانەى دەکرێنە سەر بیروباوەڕەکان کارێکى "رێگەپێدراوە".
رۆژی 20ـى تەممووز، سەلوان مۆمیکا، پەناخوازی کریستیانى عێراقى لە سوێد لەبەردەم باڵیۆزخانەى عێراق لەو وڵاتە بێڕێزى بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز و ئاڵاى عێراق و وێنەى چەند سەرکردەیەکى شیعە کرد، لەدواى ئەوەى پێشتر لە 28ی حوزەیران کۆپیەکى قوئانى سووتاندن.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، وەزیرى دەرەوەى سوێد وەڵامى نامەکەى داوەتەوە و تێیدا ئاماژەى بەوەداوە کە هەموو کارێک لەدژى ئاینى ئیسلام لەلایەن حکومەتى وڵاتەکەیەوە رەتکراوەیە و هەموو جۆرە کارێکى سووتاندنى قورئان یان هەر کتێبێکى پیرۆزى دیکە کارێکى "نەشیاو و بێ رێزانەیە" و گوتووشیەتى:"لەسوێد مافى دەستووریى هەیە بۆ ئازادى ئایین و گردبوونەوە و رادەربڕین و خۆپێشاندان، بەڵام زۆر نیگەرانین کە کەسانێک ئەو ئازادییە بەرکادەهێنن بۆ بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان".
20ـى تەممووز، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بێڕێزکردن بە قورئانی پیرۆز لەلایەن سەلوان مۆمیکاوە، خۆپێشاندان لە بەغدا روویدا و بەشێک لە باڵیۆزخانەى سوێد لەو شارە سووتێنرا و دواتر حکومەتى عێراقى باڵیۆزى سوێدى لە وڵاتەکەى دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ