سەرۆکوەزیرانی پۆڵاند: گرووپی ڤاگنەر دەیەوێ هێرشمان بکاتەسەر

30-07-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی پۆڵاند دەڵێت، سەدان چەکداری گرووپی ڤاگنەر چوونەتە شاری گرۆدنۆ لە بێلاڕووس و هۆشداریش دەدرێت لەوەی، کە گرووپەکە دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر وڵاتەکە. 
 
رۆژی شەممە، 22ـی تەممووزی 2023، ماتویژ مارڤیاتسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵاند لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری گلیوچ لە رۆژئاوای وڵاتەکەی گوتی، "دۆخەکە بەرەو مەترسی دەچیت؛ پێدەچێت ئەوان [چەکدارانی گرووپی ڤاگنەر] خۆیان وەکو پاسەوانانی سنووری بێلاڕووس نیشانبدەن و یارمەتیی کۆچبەران بدەن خۆیان بگەیێننە خاکی پۆڵاند و دۆخی پۆڵاند تێکبدەن."
 
پۆڵاند پێیوایە رووسیا و بێلاڕووس لە پشت شەپۆلێکی کۆچە لە بێلاڕووسەوە بۆ وڵاتەکە. سەرۆکوەزیرانی پۆڵاند دەڵێت، لەمساڵدا زیاتر لە 16 هەزار کۆچبەر هەوڵیانداوە لە بێلاڕووسەوە بچنە وڵاتەکەی. هاوکات، یارۆسلاو کاکزینسکی، جێگری سەرۆکوەزیرانی پۆڵاند بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، چەکدارانی گرووپی ڤاگنەر "لە بێلاڕووسن بۆ ئەوەی دۆخەکە بشێوێنن و هێرش بکەنە سەر پۆڵاند."
 
ڤاگنەر کۆمپانیاییەکی سەربازیی تایبەتی رووسییە و لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، یارمەتیی سوپای رووسیایان دا، پاڵپشتیکارێکی سەرسەختی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بوون، بەڵام بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای رووسیا لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ، کشانەوە.
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 24ـی حوزەیرانی 2023، گرووپی ڤاگنەر یاخیبوونی راگەیاند و ئاڕاستەی لوولەی تفەنگەکانیان لە ئۆکرایناوە گۆڕی بۆ رووسیا، بەڵام بە نێوەندگیری ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس پێشڕەوییەکانیان راگرت و بەشێک لە چەکدارەکانی گرووپەکە گواسترانەوە بۆ بێلاڕووس.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.