جیهان
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە جەددە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ. وێنە: AP
رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، مانگی داهاتوو سعودیە، بێ مۆسکۆ و بە بانگهێشتکردنی ژمارەیەک وڵاتی رۆژئاوایی، میوانداریی گفتوگۆی ئاشتیی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا.
میدیای ئەمریکا لە زاری هەندێ دیپلۆماتکاری ئاگادار لە بابەتەکەوە دەڵێت، گفتوگۆکان لە 5 تاوەکو 6ی ئاب لە شاری جەددە بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای 30 وڵات دەکرێن، بەڵام هیچ بەرپرسێکی رووسی تێیدا بەشدار نابێت.
بەرپرسانی ئۆکراینا و رۆژئاوا چاویان لەوەیە، گفتوگۆکان ببنە هۆی دروستبوونی پشتیوانیێکی نێودەوڵەتی بۆ مەرجەکانی ئۆکراینا تاوەکو ئاشتی لە بەرژەوەندیی ئۆکراینادا بەرقەرار بێت.
کرێملن، کە دەڵێت یەک لەسەر شەشی خاکی ئۆکراینای بە رووسیاوە لکاندووە، پێشتر باسی لەوە کردووە، تەنیا ئەو کاتە گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینادا دەکات، کە کیێڤ بە دۆخی ئێستا رازی بێت و دان بە لکاندنەکەدا بنێت.
کیێڤیش دەڵێت، تەنیا ئەو کاتە گفتوگۆ لەگەڵ مۆسکۆ دەکات، کە هەموو هێزە رووسییەکان لە ئۆکراینا بکشێنەوە.
هێشتا دیارنییە کام لە وڵاتە بانگهێشتکراوەکان بەشدار دەبن، بەڵام ئەوانەی لە مانگی رابردوو لە کۆپهانگن بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەدا کرد، چاوەڕێدەکرێت لە جەددەش ئامادەبن، ئەمە وەک میدیای ئەمریکی باسیکردووە.
میدیاکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەریتانیا، ئەفریقای باشوور، پۆڵەندا و یەکێتیی ئەوروپا پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لەوێ دەبن. پێشبینی دەکرێت جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکاش بەشدار بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ