رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە، دوای ئەوەی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 8.8 پلەی رێختەر نیمچەدوورگەی کامچاتکای رووسیای هەژاند، سوونامی هەندێک ناوچەی ئەو وڵاتە و ژاپۆنی گرتەوە، هەروەها هۆشداری لە دروستبوونی سوونامی لەو وڵاتانە دراوە کە دەکەونە سەر زەریای هێمن.
ئەمانە هەندێک زانیاری سەرەکین لەبارەی سوونامی.
زەبری ئاو
سوونامی بریتییە لە زەبرێکی ئاو کە بەنێو زەریا و دەریادا بڵاودەبێتەوە و زۆرجار بەهۆی بوومەلەرزەیەکی بەهێزی بنی زەریاوە روودەدات.
دەکرێت جووڵە لەناکاو و تووندەکەی توێکڵی زەوی بەشێک لە بنی زەریا بباتە سەرەوە یان بیباتە خوارەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی جووڵاندنی بڕێکی زۆر ئاو کە وەک شەپۆل دەردەچێ.
ئیدی لەو شوێنەوە سوونامی بە هەموو ئاراستەیەکدا بڵاودەبێتەوە. دەکرێ شەپۆلە بەهێزە دروستبووەکانیش مەودایەکی زۆر ببڕن، هەندێکجار بە خێرایی فڕۆکە.
سوونامی دیاردەیەکی دەگمەنە، بەڵام دەکرێ دروستبوونی زیانی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێ.
هۆکارەکانی دیکە
بوومەلەرزە گەورەکان هۆکاری سەرەکیی سوونامین، بەڵام دەکرێ دیاردەکە بەهۆی رووداوی دیکەی جوگرافیی کارەساتبارەوە دروستبێت، وەک تەقینەوەی گڕکان و داڕمانی زەوی.
ساڵی 1883، گڕکانێک دوورگەی کراکاتوای لە زەریای هێمن هەژاند و بووەهۆی تەقینەوەیەک کە دەنگەکەی لە دووری 4,500 کیلۆمەترەوە بیسترا، دواتریش سوونامییەک روویدا و بووەهۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 30,000 کەس.
بەگوێرەی دامەزراوەی نیشتمانیی تایبەت بە جووڵەی زەریا و بەرگەهەوای ئەمریکا، دەکرێ زریانی گەورە و کەوتنەخوارەوەی نەیزەکیش بۆ نێو زەریا ببنەهۆی دروستبوونی سوونامی.
'شەپۆلی بەندەر'
وشەی (سوونامی) لە دوو وشەی وشە ژاپۆنی (بەندەر) و (شەپۆل)ـەوە هاتووە.
هەندێکجار بە سوونامی دەگوترێت (شەپۆلی هەڵکشاو و داکشاو)، بەڵام شارەزایان دەڵێن ئەمە نادروستە، چونکە پەیوەندیی بە هەڵکشان و داکشانی ئاوەوە نییە.
بەرزیی شەپۆلەکانی سوونامی لە شوێنی دروستبوونییدا کەمە و لووتکەکانیشیان لە یەکدییەوە دوورن.
کاتێک شەپۆلەکان نزیکی کەناراوەکان دەبنەوە، بەهۆی لێژیی بنی دەریاوە گوشاریان لەسەر دروست دەبێ، ئەوەش مەودای نێوان لووتکەکانیان کەم دەکاتەوە و بەرزییەکەیان زۆر زیاد دەکات.
کاتێکیش دەگەنە کەناراوەکان، شەپۆلەکانی سوونامی دەکرێت بۆ چەند کاژێرێک یان تەنانەت چەند رۆژێکیش بەردەوام بن و لە کەنارەکان بدەن.
مێژوونووسێکی رۆمانی
بۆ ئەوانەی لە کەناراوەکانن، دەکرێ یەکەم ئاماژەی روودانی شتێکی نائاسایی بریتی بێ لە پاشەکشەی شەپۆلی دەریا کە دواتر شەپۆلی گەورەی بەدوادادێت.
ئامیانووس مارسێلینووس، نووسەری رۆمانی، لەبارەی ئەو سوونامییەی کە ساڵی 365ی زایینی لە ئەسکەندەریەی میسری دا، نووسیویەتی: "ئاوی دەریا بەرەو دواوە پاشەکشەی کرد و هێندە کشایەوە کە بنی قووڵی دەریا دەرکەوت و چەندین جۆری بوونەوەری دەریایی بە ئاسایی دەبینران."
ئامیانووس مارسێلینووس دەڵێ، "دواتر بڕێکی زۆری ئاو بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گەڕایەوە و هەزاران کەسی نوقم کرد و کوشتنی... هەندێک کەشتیی گەورە بەهۆی تووڕەیی شەپۆلەکانەوە فڕێدرانە سەر سەربانی خانووەکان."
زیانی سوونامی
چەندین هۆکار بەرزی و وێرانکاریی سوونامی دیاری دەکەن، لەوانەش کاریگەری ئەو هێزەی لە شوێنەکە دەدات وەک بوومەلەرزەکە، بڕی ئەو ئاوەی لەو شوێنە لادەدرێ و دەجووڵێ، تایبەتمەندییەکانی ئەو چینەی بنی زەریا و هەبوونی بەربەستی سرووشتی کە دەکرێ ئەو بەربەستانە زەبرەکە کەم بکەنەوە.
بوومەلەرزە زۆر لە زەریای هێمن دەدات و هەربۆیەش سوونامی زۆر تێیدا دروست دەبن، بەڵام سوونامی بە درێژایی هەزاران ساڵ لە زۆر شوێنی جیهان روویداوە.
سوونامییەکەی کانوونی یەکەمی 2004 لە زەریای هیندی بەهۆی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 9.1 پلە لە کەناراوەکانی دوورگەی سوماترای ئیندۆنیزیا روویدا.
بەگوێرەی دەستەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا، ئەو وزەیەی لێی دەرچوو، بەرامبەر بوو بە 23,000 بۆمبی ئەتۆمیی لەوانەی کە بەسەر هێرۆشیمادا تەقێندرانەوە. نزیکەی 220,000 کەس لە ئەنجامی ئەو سوونامییە لە 11 وڵات گیانیان لەدەستدا، کە ژمارەیەکی زۆریان هەزاران کیلۆمەتر لە چەقی بوومەلەرزەکەوە دوور بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ