رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە، هەزاران کەس لە پەراوێزی فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیس لە ئیتاڵیا، لەدژی گەمارۆی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە خۆپێشاندانیان کرد و هەوڵیاندا سەرنجەکان لە درامای نێو فیلمەکانەوە بۆ سەر تراجیدیای جیهانی راستەقینە رابکێشن.
خۆپێشاندانەکە، کە لەلایەن گرووپە سیاسییە چەپەکانی باکووری رۆژهەڵاتی ئیتاڵیاوە رێکخرابوو، سەرلەئێوارە لە دووریی چەند کیلۆمەترێک لە شوێنی فێستیڤاڵەکەوە دەستیپێکرد، ئەو شوێنەی کە لە رۆژانی رابردوودا کەسایەتییەکانی وەک جۆرج کلۆنی، جولیا رۆبەرتس و ئێما ستۆن بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕیون.
مارکۆ چیۆتۆلا، پسپۆڕێکی کۆمپیوتەری تەمەن 31 ساڵان و خەڵکی ڤێنیسە، لە کاتی گردبوونەوەکەدا گوتی: "پیشەسازیی تەلەڤزیۆن و سینەما ئەو سوودەی هەیە کە خەڵکێکی زۆر تەماشای دەکەن، بۆیە دەبێت هەڵوێستیان لەسەر غەززە هەبێت."
هەروەها گوتی: "من ناڵێم پێویستە هەمووان بڵێن 'جینۆساید'، بەڵام لانیکەم پێویستە هەمووان هەڵوێست وەربگرن، چونکە ئەمە دۆخێکی سیاسی نییە، بەڵکو دۆخێکی مرۆییە."
کلاودیا پۆگی، مامۆستایە و ئاڵای فەڵەستینی بەدەستەوە بوو، لە کاتێکدا خەڵکەکە دروشمی وەک "جینۆساید رابگرن!" و "ئازادی بۆ فەڵەستین"یان دەگوتەوە، رایگەیاند: "هەموومان دەزانین چی روودەدات و ناکرێت ئەم دۆخە بەردەوام بێت."
جەنگی غەززە یەکێک بوو لە باسوخواسە سەرەکییەکانی پێش دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکە، ئەمەش بەهۆی نامەیەکی کراوەوە کە سەرکۆنەی حکومەتی ئیسرائیلی کرد و داوای لە فێستیڤاڵەکە کرد بە شێوەیەکی روونتر دژی جەنگەکە قسە بکات.
بەگوێرەی رێکخەران، نامەکە کە لەلایەن گرووپێکەوە بە ناوی "ڤێنیس بۆ فەڵەستین" داڕێژراوە، زیاتر لە دوو هەزار واژۆی کەسانی پیشەگەری بواری فیلمی کۆکردووەتەوە، لەنێویاندا دەرهێنەران گیلێرمۆ دێل تۆرۆ و تۆد فیڵد.
هەنگاوێکی هاوشێوە لە مانگی ئایاردا لە فێستیڤاڵی فیلمی کان رێکخرا.
فابیۆماسیمۆ لۆزی، هاودامەزرێنەر و بەڕێوەبەری "ڤێنیس بۆ فەڵەستین"، گوتی: "ئامانجی نامەکە ئەوە بوو کە غەززە و فەڵەستین بخاتە نێو چەقی گفتوگۆی گشتییەوە لە ڤێنیس و هەر ئەوەش روویدا."
گوتیشی: "ئێمە سەرسامین بە رادەی کاردانەوەکان. وەک ئەوە وابوو خەڵکی نێو کارەکەی ئێمە تەنیا چاوەڕێی ئەوە بوون کەسێک بێت و دەنگمان بگەیێنێت."
گرووپەکە داوای لە فێستیڤاڵەکە کردبوو بانگهێشتی ئەکتەری ئیسرائیلی، گال گادۆت و ئەکتەری بەریتانی، جیرارد بەتلەر نەکات، بەهۆی پشتگیریی پێشووتریان بۆ سوپای ئیسرائیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ