رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاندووە، بە خێرایی کار لەسەر یەکلاکردنەوەی داواکارییەکانی پەنابەری دەکەن؛ بۆ ئەو مەبەستەش، تیمێکی پرۆفیشناڵی بێلایەن و مەشقپێکراو هاوکاریی تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەکەن بۆ هەڵسەنگاندنی کەیسەکان.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا 51 هەزار کەیسی داواکاریی پێداچوونەوەی پەنابەران یەکلانەکراونەتەوە، کە هەندێکیان تا 53 هەفتە چاوەڕێی وەڵام بوون. ئەمەش بووەتە هۆی مانەوەی درێژخایەنی پەناخوازان لەو هۆتێلانەی حکومەت بۆیانی دابینکردوون.
مانەوەی درێژخایەنی پەنابەران لە هۆتێلەکانی حکومەتی بەریتانیا بووەتە جێگەی ناڕەزایەتیی گرووپە دژە کۆچبەرەکان لەو وڵاتە، کە بە بەردەوامی لەبەردەم ئەو هۆتێلانە خۆپێشاندان دەکەن و رەخنە لە حکومەت دەگرن بەهۆی خەرجکردنی پارەی گشتی بۆ ئەو مەبەستە.
حکومەتی بەریتانیا ئاماژەی بەوە داوە، بۆ خێراکردنی پرۆسەی یەکلاکردنەوەی کەیسەکان، سوودیان لە ئەزموونی وڵاتانی دیکەی ئەورووپا وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ