کالاس: دەبێت یەکێتیی ئەورووپا هەموو رێگەیەک بۆ بەکارهێنانی سامانی بلۆککراوی رووسیا تاقی بکاتەوە

30-08-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، پێویستە بلۆکەکە بیر لە هەموو بژاردەکان بکاتەوە بۆ ئەوەی بزانێت چۆن دەتوانێت زۆرترین سوود لە سامانی بلۆککراوی رووسیا وەربگرێت بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا، ئەمەش سەرەڕای دژایەتیی بەلجیکا لەم پرسەدا.

کالاس، دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە دانیمارک، رایگەیاند: "وەزیرەکان دانیان بە پێویستیی پڕکردنەوەی کەلێنی دارایی ئۆکراینا و لێپرسینەوە لە رووسیا لەسەر زیانەکانی جەنگ ناوە."
 
گوتیشی: "بۆ بەدیهێنانی ئەمە، زۆر گرنگە هەموو رێگە بەردەستەکان تاقی بکەینەوە، لە هەمان کاتدا مەترسییە چاوەڕوانکراوەکان کەم بکەینەوە."
 
دژایەتیی بەلجیکا
 
یەکێتیی ئەورووپا دوای جەنگی ئۆکراینا لە ساڵی 2022، نزیکەی 200 ملیار یۆرۆی لە سامانی بانکی ناوەندیی رووسیای بلۆک کرد، کە زۆرینەی لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتیی سپاردەی Euroclearـەوە لە بەلجیکا راگیراوە.
 
ساڵی 2024، یەکێتیی ئەورووپا، لەگەڵ هاوبەشەکانی لە گرووپی حەوت، سوودی ئەو سامانانەیان بەکارهێنا بۆ پشتیوانیکردنی قەرزێکی 50 ملیار دۆلاری بۆ ئۆکراینا.
 
بەڵام لەلایەن ژمارەیەک لە وڵاتانی تووندڕۆتری یەکێتیی ئەورووپاوە گوشار هەیە بۆ ئەوەی کاری زیاتر بکرێت بۆ سوودوەرگرتن لەو سامانانە؛ بژاردەکانیش بریتین لە دەستبەسەرداگرتنی راستەوخۆ یان بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر لە رێگەی وەبەرهێنانیان لە پرۆژەی جۆراوجۆردا.
 
بەلجیکا تاوەکو ئێستا بە تووندی دژی ئەنجامدانی کاری زیاترە بۆ دەستکاریکردنی سامانەکان، لە ترسی ئەوەی کە لە کۆتاییدا رەنگە لە هەر زیانێک بە بەرپرسیار بزانرێت.
 
ماکسیم پرێڤۆ، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا رایگەیاند: "بەلجیکا دژی هەر دەستبەسەرداگرتنێکە. گۆڕینی ستراتیژیی وەبەرهێنانیش بژاردەیەک نییە، چونکە رەنگە ئاستی مەترسی زیاد بکات، هەم یاسایی، هەم دارایی و هەم دادوەری."
 
"رووسیا هەرگیز ئەم پارەیە نابینێتەوە"
 
کالاس دانی بەوەدا نا دژایەتییەکە واتای ئەوەیە رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا هیچ جووڵەیەک لەسەر بابەتەکە نەبێت، بەڵام گوتی یەکێتیی ئەورووپا دەبێت "کار لەسەر کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانە بکات."
 
بەرپرسە باڵاکەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند کە بلۆکەکە لەسەر یەک شت روونە: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو وێرانکارییەی رووسیا لە ئۆکراینا دروستی دەکات، رووسیا هەرگیز ئەم پارەیە نابینێتەوە، مەگەر ئەوەی بە تەواوی قەرەبووی ئۆکراینا بکاتەوە بۆ ئەو زیانانەی کە دروستی کردوون."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.