رووداو – هەولێر
بەرپرسێکی ناوخۆیی ئیندۆنیزیا رایگەیاند، خۆپێشاندەران ئاگریان لە باڵاخانەیەکی ئەنجوومەنی دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیا کردەوە، سێ کەس بەهۆی سووتانەوە گیانیان لەدەستدا. خۆپێشاندانی ئەم دواییەی ئیندۆنیزیا دوای ئەوە دێت، ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس لە شۆفێرێکی دا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
خۆپێشاندان تەواوی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، بە جاکارتای پایتەختیشەوە، ئەمەش دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆییەک بڵاوبووەوە کە تێیدا شۆفێرێکی تاکسیی ماتۆڕسکیل لەلایەن ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسەوە لە کاتی گردبوونەوەیەکی پێشوودا دژی کەمیی مووچە و دەستکەوتی دارایی بۆ یاسادانەران، شێلرا.
"ئەوان لە باڵاخانە سووتاوەکەدا گیریان خواردبوو"
خۆپێشاندانەکان لە ماکاسار، گەورەترین شاری دوورگەی رۆژهەڵاتی سولاوسی، لە دەرەوەی باڵەخانەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا گرژیی تێکەوت، خۆپێشاندەران دەستیان بە هاوێشتنی بەرد و مۆڵۆتۆڤ کرد و باڵاخانەکە ئاگری گرت.
رەحمەت ماپاتۆبا، سکرتێری ئەنجوومەنی شاری ماکاسار گوتی، سێ کەس لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکەی رۆژی هەینیی ئەنجوومەنی شاری ماکاساردا گیانیان لەدەستداوە.
گوتیشی: "ئەوان لە باڵاخانە سووتاوەکەدا گیریان خواردبوو" و خۆپێشاندەرانی بە دەستپێکردنی ئاگرەکە تۆمەتبار کرد.
"تاوانەکانی پۆلیس"
خۆپێشاندەران رۆژی شەممە 30-08-2025 جارێکی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی ئیندۆنیزیا کۆبوونەوە. سەدان خوێندکار و شۆفێری تاکسیی ماتۆڕسکیل لە بەردەم بارەگای پۆلیس لە بالی، بەناوبانگترین شوێنی گەشتیاریی ئیندۆنیزیا، خۆپێشاندانیان کرد.
لە وەڵامی خۆپێشاندانەکاندا، ئەپی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک رۆژی شەممە رایگەیاند، تایبەتمەندیی ڤیدیۆی راستەوخۆی بۆ "چەند رۆژێک" لە وڵاتەکە راگرتووە، کە زیاتر لە 100 ملیۆن بەکارهێنەری تێدایە.
لە جاکارتا، سەدان کەس رۆژی هەینی لە دەرەوەی بارەگای یەکەی پۆلیسی نیمچە سەربازیی (بریمۆب) کۆبوونەوە کە بە هۆکاری گیانلەدەستدانی شۆفێرەکەیان دەزانی.
پۆلیس رایگەیاندووە، حەوت ئەفسەریان بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی بە گیانلەدەستدانی ئەو شۆفێرە دەستبەسەر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ