رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی سنووردار لە سنووری لوبنان ئاگاداری کردوونەتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنەکە تەنیا ژێرخانی حیزبوڵڵا دەکاتە ئامانج.
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2024، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن گوتی، لەگەڵ ئیسرائیل گفتوگۆیان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای ئیسرائیل لەنێو سنوورەکانی لوبنان کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەیەوە گوتی: "ئەوان [ئیسرائیل] ئۆپەراسیۆنێکی سنووردار لە نزیک سنوور دەکەن و ئامانجیان ژێرخانی حیزبوڵڵا دەبێت".
هەر ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەکاتی قسەکردنی بۆ بەشێک لە سەربازانی ئیسرائیلی کە بەرەو سنوورەکانی ئیسرائیل بەڕێدەکەوکەوتن ئاماژەی بەوە کرد، دەکرێت هێزی زەمینی لە دژی حیزبوڵڵای لوبنان بەکاربهێنن.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: "ئێمە هەموو هۆیەک کە پێویست بێت بەکاریدەهێنین.. هێزەکانی ئێوە [هێزە زەمینییەکان]، هێزەکانی دیکە لە ئاسمان، دەریا و وشکانیی".
رۆژی هەینی ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر بارەگای سەرکی حیزبوڵڵا لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی کوشت.
بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی لوبنان، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، لەماوەی هەفتەی رابردوودا 700 کەس کوژراون کە 14 یان کارمەندی تیمی فریاگوزاری بوون. تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 150 کەس کوژراون و 359 دیکەش بریندار بوون.
هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، دوێنێ ئیسرائیل هێرشێکی کردووەتە سەر شاری سەیدا لە باشووری لوبنان 45 کەس کوژراون و 70 دیکەش بریندار بوون.
دوای ئەوەی لە حەوتی ئۆکتۆبەری رابردووەوە جەنگی غەززە دەستیپێکرد، حیزبوڵڵا پاڵپشتی خۆی بۆ بزووتنەوەی حەماس راگەیاند و لە کانوونی یەکەمی رابردووەوە ناوە ناوە هێرشی کردووەتە سەر سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل و ئیسرائیلیش وەڵامی داوەتەوە.
لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 100 هەزار کەس لە سنوورەکانی باشووری لوبنان و زیاتر لە 60 هەزار کەسیش لە باکووری ئیسرائیل دەربەدەر بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ