رووداو دیجیتاڵ
نکۆسیناتی ئیمانوێل متێتوا، باڵیۆزی ئەفریقای باشوور لە فەرەنسا، بە مردوویی لە بەردەم هۆتیل هایەت لە پاریس دۆزرایەوە. ئاماژە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن لە نهۆمی 22ـی هۆتێلەکەوە خۆی فڕێداوەتە خوارەوە.
رۆژی سێشەممە 30-09-2025 میدیای فەرەنسی بڵاویکردەوە، تەرمی متێتوا لە ناوچەی پۆرت مایلۆ لە رۆژئاوای پاریس دۆزراوەتەوە.
بەشێک لە میدیای فەرەنسا باس لەوە دەکات، لێکدانەوە سەرەتاییەکان بەو جۆرەن دیپلۆماتە 58 ساڵەکە لە نهۆمی 22 خۆی هەڵدابێتە خوارەوە و لێکۆڵینەوە بە مەبەستی زانینی هۆکارەکە بە دروستی دەستی پێکردووە.
نووسینگەی داواکاری گشتی دەڵێ، هاوژینی متێتوا شەوی رابردوو نامەیەکی لە دیپلۆماتەکەوە پێگەیشتووە و تێگەیشتووە کە نیگەرانە؛ دواتر بە پۆلیسی راگەیاندووە کە هاوژینەکەی بێسەروشوێنە.
نووسینگەی داواکاری گشتی باس لەوە دەکات، دیپلۆماتەکە شەوی رابردوو ژوورێکی لە نهۆمی 22ی هۆتێلەکە گرتووە و پەنجەرەیەکی داخراو بە بورغو، بە زەبری هێز کراوەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەفریقای باشوور مردنی ئەو دیپلۆماتەی پشتڕاستکردەوە و گوتی، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
متێتوا لە 2014 بۆ 2019 وەزیری هونەر و کولتوور بوو، دواتر لە 2019 بۆ 2023 وەزیری وەرزش بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ