ژنێکی خەڵکی هەولێر لە پۆڵەندا لە منداڵ، هاوژین و براکانی دادەبڕێندرێت

30-10-2021
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
چیرۆکی لێک دابڕانی ئەو خێزانە
چیرۆکی لێک دابڕانی ئەو خێزانە
نیشانەکردن بێلاڕووس کۆچبەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرەتای ڤیدیۆکە هاوار و داوای بەدەنگەوەچوونی ژنە کۆچبەرێکی کوردی خەڵکی هەولێرە لە باشووری کوردستان، داوای ئەو بۆ شادبوونەوەیە بە هاوژین و منداڵە پێنج ساڵانەکەی و سێ برای، کە لە رێگەی کۆچ بۆ ئەوروپا لێکدابڕاون.
 
ئەو ژنە لە دۆخێکی سەختی دەروونیدا دەژی، بەڵام بەو حاڵەشەوە چیرۆکی هاتنی خۆی و هاوژین و منداڵەکەی دەگێڕێتەوە.
 
ئیمان دلێر ناوی ئەو ژنەیە، بە رووداوی راگەیاند، "تکایە چۆن پێتان دەکرێت تەنیا منداڵە پێنج ساڵانەکەم بۆ بهێنن. تکاتان لێدەکەم، تەنیا منداڵ و براکەم." دەشڵێت، "بە ئێمەیان گوت، تەنیا سێ کاژێر رێگەیە، بەڵام هەمووی درۆیە... پێنج رۆژ نە نان نە ئاومان نەبوو، لەهۆش خۆم چووم، چاوم کردەوە لە نەخۆشخانە بووم، هەر لەوێش منداڵەکەمیان لێ جیاکردنەوە."
 
ئەو ژنە ناسۆری ئەو رێگەیەی زۆر لە دڵدایە، چیرۆکێکی خەمناك و بەسەرهاتی 10 رۆژی سەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا بۆ رووداو باس دەکات. هەر تاو ناتاوێکیش دەڵێت منداڵەکەم بۆ بێهنن، "ئەو فێری سەرمای ئەو سنوورە ساردە نییە و براکەشم  نەخۆشە." ئیمان هێشتا بێئاگایە لەوەی ئەو برا نەخۆشەی کە ئەو خەمی دەخوات، چەند کاژێرێک پێش ئەو قسانەی لەو رێگەیەی پێیدا هاتوون، گیانی لەدەستداوە.
 
رۆژی هەینی لەکاتی بەدواداچوونمان لەسەر دۆخی کۆچبەران لە سنوورەکانی پۆڵەندا، گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ بەهۆی نەخۆشییەوە لەو رێگەیە کۆچی دواییکرد، ئەو گەنجە گەیلانی برای ئیمان بوو، کە وەک براکەی دەڵێت بەهۆی ئەوەی دەرزیی ئەنسۆلینی لێبڕاوە کۆچی دوایی کردووە.
 
دوای چەند رۆژێک مانەوە، بەرپرسانی پۆڵەندا رێگەیان داین بچینە کەمپێکی کۆچبەران لە شاری بێلاسۆک. کەمپێک کە 48 کەس خراونەتە 8 ژوور. زۆربەیان خەڵکی باشوور و رۆژئاوای کوردستان و سووریان. ئەحمەد تەمەنی 23 ساڵانە و خەڵکی سووریایە باسی مردنی هاوڕێکەیم بۆ دەکات لەنێو رووباری بۆک.  
 
ئەحمەد، کۆچبەری سوورییە لە پۆڵەندا، دەڵێت، "ئەو رۆژەی لە رووبارەکە پەڕینەوە، ئێمە هەشت کەس بووین، من و هاوڕێکەم یەکەم کەس بووین کە پەڕینەوە، سوپای بێلاڕووس بە هێزەوە پاڵیان ناین، کە بە هێزەوە پاڵیان ناین بەلەمەکە سووڕایەوە و سووڕایەوە و نەمانتوانی بەلەمەکە کۆنترۆڵ بکەین؛ بۆیە کەوتینە نێو رووبارەکە، رووبارەکە ناوی (بۆک)ـە، لە نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندایە، بەلەمەکە لە نیوەی رووبارەکەدا بوو، منیش لە لێواری رووبارەکەدا بووم، نزیکەی سێ مەتر بوو، دەستم بە درەختێکەوە گرت و خۆم دەرهێنا، ئەوجا بانگی گەنجەکانم کرد لەو بەر، ئەوان شەش کەس بوون و گوتم بەسە مەپەڕنەوە، دۆخەکە زۆر مەترسیدارە و مەپەڕنەوە."
 
ئەوانەی رێگەی کۆچ دەگرن، هەریەکە و بەسەرهاتی نێو دارستانە ساردەکانی سەر سنورەکان و خراپیی مامەڵەکردنی پاسەوانی سەر سنوورەکانی بێلاڕووس دەگێڕنەوە. زۆربەی ئەوانەی بەکۆمەڵ هاتوون، پێش گەیشتنە سەر سنوور لێکدابڕاون و دیاریش نییە ئەم رێگەی کۆچە، چەند چیرۆکی دیکەی هاوشێوەیەی ئیمان و گەیلانی برای دەنووسێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە