رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا چینییەکەی لە کۆریای باشوور، بەمەبەستی هێورکردنەوەی ناکۆکییە بازرگانییەکانی نێوان واشنتن و پەکین رایگەیاند، رازی بووە پێناسیی گومرگی لەسەر چین کەم بکاتەوە و لە بەرامبەریشدا، سەرۆکی چین رازی بووە بە دواخستنی سنووردارکردنی کانزا دەگمەنەکانی چین بۆ ئەمریکا.
رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، رایگەیاند، رازیبووە پێناسیی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی کاڵا چینییەکان کەم بکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاوتا چینییەکەی، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زلهێزەی بەتایبەتی لە بواری بازرگانیکردندا کەمکردووەتەوە.
ترەمپ باسی لەوە کرد، ئێستا 47٪ـی پێناسیی گومرگی بەسەر کاڵا چینییەکاندا دەسەپێنێت، ئەمەش نزیکەی 10٪ کەمترە لە رێژەی پێش کۆبوونەوەکە.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە بەرامبەردا شی جینپینگ رازی بووە سنووردارکردنی دەستگەیشتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە کانزای دەگمەنەکانی ژێر زەوی بۆ ماوەی ساڵێک دوابخات.
ترەمپ لەنێو فرۆکە گوتی، "من دەڵێم بە پێوەری 1 بۆ 10 کە 10 باشترینە، دەتوانم بڵێم کۆبوونەوەکە 12 لەسەر 10 بوو".
ئەم دیدارەی رۆژی پێنجشەممە، یەکەم کۆبوونەوەی رووبەڕووی ئەو دوو سەرکردەیە بوو، لەوەتەی ترەمپ لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە، گەڕاوەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
لەگەڵ دەستبەکاربوونەوەی، ترەمپ پێناسی گومرگی بەسەر کاڵاکانی چین دا سەپاند، بەڵام کەشە ئەرێنییەکەی ترەمپ باسی لە کۆبوونەوەکە کرد، ئاماژەیە بە سەرەکەوتنی لە دامرکاندنەوەی جەنگە بازرگانییەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ ماوەیەکی کاتی.
سەرکردایەتی چین هێشتا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی لووتکەکەی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ترەمپ رایگەیاند، "هەردوولا دەتوانن بەمزووانە، بگەنە رێککەوتنی بازرگانی." ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت ساڵانە گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنەکە بکرێت."
لەدرێژەی لێدوانەکەیدا بۆ رۆژنامەڤانان، ترەمپ ئاشکرای کرد، بڕیارە مانگی نیسانی داهاتوو سەردانی چین بکات و لەوێ لەگەڵ شی جینپینگ کۆدەبێتەوە و دواتریش سەرۆکی چین سەردانی ئەمریکا دەکات و لە کۆشکەکەی لە ویلایەتی فلۆریدا لەگەڵی کۆدەبێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیە سەرکردایەتیی چین رازی بوون بڕێکی زۆر کاڵای جووتیارانی ئەمریکا بکڕن، پاش ئەوەی پێشتر بایکۆتی بەرهەمەکانی جووتیارانی ئەمریکایان کردبوو، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بەرامبەر بە سەپاندنی پێناسی گومرگی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ