دوو کەسی رووسی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی رۆژنامەڤانێکی ئێرانی سزای 25 ساڵ زیندانییان بۆ دەرکرا

30-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بە تۆمەتی پلاندانان بۆ کوشتنی خانمە رۆژنامەڤانێکی ئێرانی لە ئەمریکا، دوو پیاو کە دەگوترێت سەر بە گرووپێکی مافیای رووسین، هەریەکەیان سزای 25 ساڵ زیندانییان بۆ دەرکرا. 
 
دادگە دەڵێت، سێ ساڵ لەمەوبەر، ئەو دوو پیاوە بکوژێکیان بەکرێ گرتبوو بۆ ئەوەی لەسەر داوای حکومەتی ئێران، مەسیح عەلینەژاد، رۆژنامەڤانی ئێرانی ئەمریکی لە ماڵەکەی خۆیدا لە بڕۆکلن بکوژن. 
 
پێش ئەوەی دادوەر سزاکە رابگەیەنێت، مەسیح عەلینەژاد گوتی: "من زەریایەکم بڕی بۆ ئەوەی بێمە ئەمریکا و ژیانێکی ئاساییم هەبێت، بەڵام ئێستا ژیانێکی ئاساییم نییە."
 
هەروەها گوتی: "من ژنێکی ئازام. ژنێکی بەهێزم. نەیانتوانی من بشکێنن، بەڵام ترسیان خستە ژیانمەوە. ئەم تاوانبارانە ژیانیان سەرەوژێر کردم." لە کاتێکدا قسەی دەکرد، ئەو دوو پیاوە بە جلی زیندانەوە لەبەردەمیدا بە قۆڵبەستکراوی دانیشتبوون. مەسیح داوای لە دادوەر کرد پەیامێک بنێرێت بۆ حکومەتی "ئێران و ژنانی ئێران."
 
دادوەر: پلانی کوشتنەکە "تاوانێکی زۆر زۆر خراپ" بوو
 
دادوەر گوتی ئەم دوو پیاوە "تاوانێکی زۆر زۆر خراپیان" کردووە. هیوای خواست سزاکە پەیامێک بێت بۆ "چەتە" و دەسەڵاتە بیانییەکان "کە ئەمریکا رێگە بەم جۆرە رەفتارانە نادات."
 
دوای دادگاییەکە، عەلینەژاد لە دەرەوە لەگەڵ باری رۆزن قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد. رۆزن یەکێک بوو لەو 50 ئەمریکییەی کە ساڵی 1979 لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران بە بارمتە گیرابوو.
 
عەلینەژاد کە گوڵەبەڕۆژەیەکی زەردی بەدەستەوە بوو، گوتی: "دادپەروەری جوانە." هەروەها گوتی رۆزن، کە کاتی خۆی وەک بارمتە لوولەی تفەنگیان لەسەر سەری دانابوو، "لێرەیە بۆ ئەوەی لەگەڵمدا بوەستێت و دادپەروەری ببینێت."
 
رۆزن، عەلینەژادی بە "یەکێک لە گرنگترین کەسەکانی جیهان" ناوبرد، چونکە هەوڵدەدات دەنگی ئەو کەسانە بێت، کە لە ئێران و شوێنەکانی دیکە دەنگیان کپ کراوە.
 
داواکاری گشتی: ئامانج لەم پلانە ناردنی پەیامێک بوو بۆ هەموو ژنانی ئێران
 
داواکاری گشتی لە دادگا داوای 55 ساڵ زیندانیی کردبوو. گوتی سەرکردەکانی ئێران ویستوویانە ژنێک بێدەنگ بکەن، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فۆڵۆوەرزی لە رێبەری ئێرانیش زیاترە.
 
هەروەها گوتی، ئامانجەکە تەنیا عەلینەژاد نەبوو، "بەڵکو ئەو ملیۆنان کەسەش بوو کە پشتیان بە مەسیح عەلینەژاد بەستووە تاوەکو دەنگیان بگەیێنێت و تیشک بخاتە سەر کارە گەندەڵ و کوشندەکانی حکومەتی ئێران."
 
داواکارانی گشتی گوتیان ئەمیرۆڤ کە خەڵکی ئێرانە و عومەرۆڤ کە خەڵکی جۆرجیایە، دوو سەرکردەی مافیای رووسین و لەبەرامبەر 500 هەزار دۆلاردا ویستوویانە عەلینەژاد بە کوشت بدەن.
 
پلانی کوشتن دوای هەوڵی دیکە هات بۆ بێدەنگکردنی عەلینەژاد
 
ئەمە یەکەمجار نەبوو هەوڵی بێدەنگکردنی بدرێت. داواکارانی گشتی گوتیان بەرپرسانی هەواڵگریی ئێران پێشتریش لە ساڵانی 2020 و 2021 پلانیان دانابوو عەلینەژاد لە ئەمریکا بڕفێنن و بیبەنەوە بۆ ئێران تاوەکو رەخنەکانی بوەستێنن.
 
بە گوتەی دادوەر، دوای ئەوەی هەوڵەکانی دیکە بۆ ترساندن و ناوزڕاندنی شکستیان هێنا، ئێران لە مانگی تەممووزی 2020 نیو ملیۆن دۆلاری پێشکەش کرد بۆ کوشتنی عەلینەژاد.
 
مەسیح عەلینەژاد بەردەوام دەبێت لە کارەکانی
 
عەلینەژاد تەمەنی 49 ساڵە و بەوە ناسراوە کە هەڵمەتی ئۆنلاینی رێکخستووە و هانی ژنانی ئێرانی داوە بێ لەچک وێنەی خۆیان بگرن، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر یاسای سەپێنراوی حیجاب.
 
ئەو ئاشکرای کرد، کە دوای ئاشکرابوونی پلانەکە، ناچار بووە ماڵەکەی لە بڕۆکلن جێبهێڵێت و لەو کاتەوە 21 جار ماڵی گواستووەتەوە.
 
گوتی ئەم هەڕەشە بەردەوامە وای لێکردووە نەتوانێت چێژ لە شتە سادەکانی وەک پاسکیلسواری وەربگرێت. گوتی: "ئێستا بەهۆی ئەم تاوانبارانەوە ناتوانم ئەو کارە بکەم. دەبێت هەمیشە ئاگام لە خۆم بێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا