شا چارلز برایەکی خۆی لە کۆشکی شاهانە دەردەکات؛ "بە هۆکاری بەدڕەوشتی"

30-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆشکی بەکینگهام رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، شا چارلزی بەریتانیا پرۆسەیەکی دەستپێکردووە بۆ لێسەندنەوەی ناسناو و رێزلێنانەکانی شازادە ئەندرو، برای شا چارلز، هەروەها ئاگاداریکردووەتەوە، کە بچێتە شوێنێکی نیشتەجێبوونی تایبەت.
 
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، کە شازادە ئەندرو نەیتوانیوە لە کەیسی پەیوەندیی بە جێفری ئێپستاین، تاوانباری سێکسی، بەرگری لەخۆی بکات و بەڵگەی پێویست بهێنێتەوە.
 
کۆشکی بەکینگهام رایگەیاند: "خاوەنشکۆ ئەمڕۆ پرۆسەیەکی فەرمیی دەستپێکردووە بۆ لێسەندنەوەی ناسناوی شاهانەیی و رێزلێنانەکانی شازادە ئەندرو."
 
راگەیێنراوەکە هەروەها دەڵێت: "شازادە ئەندرو لەمەودوا بە ئەندرو ماونتباتن وینزەر دەناسرێت. ئێستا ئاگادارکردنەوەی فەرمیی پێشکێش کراوە بۆ رادەستکردنەوەی کۆشکەکەی و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نیشتەجێبوونی تایبەت."
 
هەروەها جەختکراوەتەوە: "سەرەڕای ئەوەی ئەو بەردەوامە لە رەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون، بەڵام دانانی ئەو سزایانە پێویستن."
 
کۆشکی بەکینگهام رایگەیاند: "خاوەنشکۆ و شاژن دەیانەوێت روونی بکەنەوە، کە بیر و هاوسۆزیی قووڵیان لەگەڵ قوربانییان و رزگاربووانی هەموو جۆرەکانی دەستدرێژیدایە."
 
ئێپستاین لە تەممووزی 2019 بە تۆمەتی بەکارهێنانی منداڵان بۆ بازرگانیی سێکسی، دەستگیرکرا. داواکاران رایانگەیاند، ئەو تۆمەتبارە یارمەتیدەر بووە لە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر دەیان کچی بچووکی خوار تەمەن 18 ساڵان لە نێوان ساڵانی 2002 و 2005. 
 
پێش ئەوەی دادگایی بکرێت، لە ئابی 2019، ئێپستاین بە مردوویی لە زینداندا دۆزرایەوە. حکومەتی ئەمریکا دەڵێت، تۆمەتبارەکە خۆی کوشتووە. بەڵام لەنێو ئەمریکا، گومانی زۆر لە کوشتنی دەکرێت و بەشێکی زۆری خەڵک و کەسایەتییە کاریگەرەکانی وڵاتەکە، پێیانوایە، ئێپستاین بۆ پاراستنی ناوبانگی دەوڵەمەند و نێودارەکان، کوژراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: Saul Loeb/AFP

ترەمپ: بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەمەوە

دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، بیر لە بژاردەی "گورزی سەربازیی سنووردار" بۆ سەر ئێران دەکاتەوە. ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ جێگیرکردنی هێزێکی گەورەی دەریایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست