رووداو دیجیتاڵ
خەڵکی هۆڵەندا قسەی خۆی کرد و ئێستا دەنگەکان دەژمێردرێن. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، دوای ئەمە چی لە سیاسەتی وڵاتە روودەدات؟ کە چەندین مانگە بەدەست ئەو پشێوییە سیاسییەوە دەناڵێنێت، کە خێرت ڤیلدەرز، سەرکردەی راستڕۆی تووندڕۆ، پشکی گەورەی تێدا هەبووە؛ دیمەنی سیاسیی پارچەپارچەبووی وڵاتەکە، پێکهێنانی حکومەتی نوێی کردووەتە ئەرکێکی دژوار.
بەکورتی، وڵاتەکە رووبەڕووی چەندین مانگ دانوستاندنی چڕ دەبێتەوە، لەکاتێکدا سەرکردەی پارتەکان هەوڵدەدەن هاوپەیمانییەکی کارا و جێگیر پێکبهێنن. ئەم پرۆسەیە بریتییە لە رێککەوتن لەسەر بەرنامەیەکی حکومەتی هاوبەش کە بۆ هەموو لایەنەکانی بەشدار لە هاوپەیمانیێتییەکەدا جێگەی قبووڵ بێت، ئەمەش زۆرجار پێویستی بە سازشی گەورە لەسەر پرسە سەرەکییەکان هەیە.
خێرت ڤیلدەرز، سەرەڕای ئەگەری بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرچاو، نزیکەی دڵنیایە لەوەی، کە پۆستی سەرۆکوەزیران وەرناگرێت، تەنانەت ئەگەر پارتەکەشی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت. هۆکارەکەشی ئەوەیە زۆربەی پارتە سەرەکییەکانی دیکەی هۆڵەندا بە فەرمی کارکردنیان لەگەڵیدا لە حکومەتدا رەتکردووەتەوە.
دانوستاندنەکان چۆن بەڕێوەدەچن؟
ژمارە سیحرییەکە بۆ پێکهێنانی حکومەت، 76ـە. واتە نیوە کۆ یەکی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، کە هەر هاوپەیمانییەک پێویستی پێیەتی بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی متمانە لە پەرلەمان. بەهۆی سیستمی نوێنەرایەتیی رێژەییەوە، هیچ پارتێک بە تەنیا ناتوانێت زۆرینە بەدەستبهێنێت، بۆیە پێکهێنانی هاوپەیمانیێتی پێویستە.
هەر کە ئەنجامە کۆتاییەکان بە فەرمی راگەیێندران، لێکدانەوە سیاسییەکان دەستپێدەکەن بۆ ئەوەی بزانرێت چ کۆمەڵە پارتێکی رکابەر دەتوانن پێکەوە بگەنە ئەو ژمارەیە و هاوپەیمانییەکی جێگیر پێکبهێنن. شیکردنەوەی دابەشبوونی کورسییەکان یارمەتیدەر دەبێت لە دیاریکردنی هاوبەشەکان.
بەپێی خەمڵاندنێکی ئاژانسی هەواڵی ناوخۆیی ئەی ئێن پی، پارتی D66ی میانڕۆ و پارتی ئازادیی ڤیلدەرز هەر یەکێکیان 26 کورسی بەدەستهێناوە، ئەوەش دوای جیاکردنەوەی زیاتر لە 95٪ی دەنگەکان.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی نوێ دوای هەڵبژاردن کۆدەبێتەوە بۆ دەستپێکردنی کاری فەرمیی پێکهێنانی کابینەی حکومەت، کە وەکو ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی هۆڵەندا باسی دەکات "پرۆسەیەکی ئاڵۆز و سەرنجڕاکێشە" و چەندین قۆناخی جیاواز لەخۆدەگرێت.
سەرەتا، پارتە سیاسییەکان کەسێک وەکو "چاودێر" (verkenner) دیاری دەکەن بۆ گفتوگۆ سەرەتاییەکان. ئەرکی ئەم کەسە لێکۆڵینەوەیە لە خواستی پارتەکان و دیاریکردنی ئەوەی کە کام پارتانە ئامادەن لەگەڵ یەکدی حکومەت پێکبهێنن.
پاشان پەرلەمان "ئاگادارکەرەوەیەک" (informateur) دیاری دەکات کە ئەرکی سەرەکیی دانانی چوارچێوەی ئەگەریی رێککەوتنی هاوپەیمانیێتییەکەیە و سەرپەرشتیی دانوستاندنەکان دەکات. پێش ساڵی 2012، ئەم کەسە لەلایەن شای وڵاتەوە دادەنرا، بەڵام ئێستا لە دەسەڵاتی پەرلەماندایە.
کاتێک روون دەبێتەوە کە کۆمەڵێک پارت دەتوانن پێکەوە هاوپەیمانییەک پێکبهێنن، "پێکهێنەرێک" (formateur) دێتە کایەوە، کە زۆربەی کات ئەو کەسەیە کە سەرکردایەتیی گەورەترین پارتی براوەی هەڵبژاردن دەکات و دەبێتە کاندیدی سەرۆکوەزیران. ئەو کەسە دەست بە کارە هەستیارەکەی دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان و پێکهێنانی کابینەیەکی ئەگەریی دەکات.
ئەگەر لەسەر هەموو وردەکارییەکان رێککەوتن کرا، پارتە بەشداربووەکان رێککەوتنی فەرمیی هاوپەیمانیێتییەکە واژۆ دەکەن. دواتر حکومەتی نوێ پلان و بەرنامەی کاری خۆی لە پەرلەمان دەخاتەڕوو و داوای متمانە دەکات، کە بە دەنگدانی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان پەسەند دەکرێت.
چەند کات دەخایێنێت؟
پێکهێنانی حکومەت لە هۆڵەندا بە شێوەیەکی گشتی پرۆسەیەکی درێژخایەن و ئاڵۆزە. پارتە سیاسییەکان کێبڕکێیەکی تووند دەکەن بۆ ئەوەی زۆرترین خاڵ و بەڵێنی نێو بەرنامەی هەڵبژاردنیان لە رێککەوتنی کۆتایی هاوپەیمانیێتییەکەدا بچەسپێنن، ئەمەش پرۆسەیەکی دانوستاندنی وردە، کە تەنانەت پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەسەر دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان دەکرێت.
بۆ نموونە، پێکهێنانی دوایین کابینەی حکومەت بە سەرۆکایەتیی دیک شوف، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، 223 رۆژی خایاند، کە ئەمەش ماوەیەکی زۆرە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرجەم پارتە بەشداربووەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە خوازیارن ئەمجارە پرۆسەکە بە خێراترین کات و بە شێوەیەکی کارا کۆتایی پێبێت.
سارا دی لانگ، پرۆفیسۆری سیاسەتی هۆڵەندی لە زانکۆی لایدن دەڵێت، "دەتوانیت بیهێنیتە بەرچاوت کە گەیشتن بە سازش لەنێوان چوار پارتدا کە ئایدۆلۆژیای جیاوازیان هەیە کارێکی یەکجار قورس دەبێت. هەر بۆیە ئەگەری زۆرە پێکهێنانی هاوپەیمانیێتییەکە ماوەیەکی درێژ بخایێنێت، کە رەنگە لەنێوان شەش مانگ بۆ ساڵێکدا بێت."
ئەگەرەکان چین؟
ئەگەر خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی ئاژانسی ANPـی هۆڵەندی ورد بن، هاوپەیمانییەکی چوارقۆڵی لەنێوان پارتی D66 (26 کورسی)، پارتی لیبراڵی VVDـی سەر بە راستی میانڕۆ (22 کورسی)، بلۆکی چەپی سەوز/کرێکاران (20 کورسی) و پارتی دیموکراتی کریستیان CDA (18 کورسی) دەتوانن پێکەوە زۆرینەی پەرلەمانی مسۆگەر بکەن و حکومەت پێکبهێنن.
لەگەڵ ئەوەشدا، پارتە بچووکترەکانی دیکەش دەکرێت رۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە بگێڕن، وەکو پارتی راستڕۆی تووندئاژۆی JA21 کە خاوەنی 9 کورسییە و دەتوانێت هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت.
ئەوکات کێ بەرپرسە؟
تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتێکی نوێ بە فەرمی سوێندی یاسایی دەخوات و دەستبەکار دەبێت، کابینەی دەستلەکارکێشاوە وەکو حکومەتی کاربەڕێکەر بەردەوام دەبێت لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات، کە لەم حاڵەتەی ئێستادا دیک شوف، وەکو سەرۆکوەزیران لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.
ڤیلدەرز، بە کشانەوەی پارتی PVVـی خۆی لە هاوپەیمانیێتیی پێشوو لەسەر ناکۆکییەکانی پەیوەست بە سیاسەتی کۆچبەران، بووە هۆکاری سەرەکیی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
لە ماوەی قۆناخی راگوزەردا، کارەکانی حکومەت تاوەکو رادەیەکی زۆر بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچن. ئەمە پرۆسەیەکی تاقیکراوە و سەرکەوتووە، چونکە لە مێژووی سیاسیی هۆڵەندا هەرگیز هیچ پارتێک نەیتوانیوە بە تەنیا زیاتر لە 50%ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.
دی لانگ، روونیکردەوە، "حکومەتی کاربەڕێکەر دەسەڵاتێکی تاڕادەیەک فراوانی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی هۆڵەندا، بۆ نموونە دەتوانێت بودجەی ساڵانە پەسند بکات و گۆڕانکاری لە هەندێک یاسادا بکات. بۆیە دەتوانین بڵێین هۆڵەندا بە تەواوی لەکارداناکەوێت تاوەکو دوای ئەم هەڵبژاردنانە هاوپەیمانییەکی نوێ پێکدەهێندرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ