جیهان
ئاڵای نیشتمانیی چین لە پێشەوەی (کۆگای کۆنتێنەری نێودەوڵەتیی یانتیان) لە شاری شێنزێنی چین، لە 12ی نیسانی 2025. وێنە: Cheng Xin/Getty Images
رووداو دیجیتاڵ
چین رایدەگەیێنێت کە بۆ ماوەی یەک ساڵ هەندێک لە کۆتە نوێیەکانی سەر هەناردەکردن هەڵدەپەسێرێت، کە ماددە دەگمەنەکان دەگرێتەوە و لە مانگی ئۆکتۆبەردا بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی راگەیێندرابوون. ئەم بڕیارە وەکو هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ کەمکردنەوەی گرژییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەدا لێکدەدرێتەوە.
وەزارەتی بازرگانیی پەکین، رۆژی 9ی ئۆکتۆبەر کۆنترۆڵی نوێی بەسەر هەناردەکردنی تەکنەلۆژیای پەیوەست بە ماددە دەگمەنەکاندا راگەیاند، ئەمەش وەکو زیادکردنێک بۆ رێساکانی سەر پیشەسازییەکی گرنگ، کە بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی گرژیی نێوان بەیژین و واشنتن. ئەو رێکارانە نیگەرانیی لە بازاڕە جیهانییەکاندا دروستکردبوو، بەتایبەتی لەنێو ئەو کۆمپانیایانەی پشتیان بەو ماددانە دەبەست.
بەڵام تەنیا سێ هەفتە دواتر، لە هەمان رۆژدا کە گفتوگۆ لەنێوان شی جینپینگ، سەرۆکی چین و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆریای باشوور بەڕێوەچوو، وەزارەتەکە رایگەیاند، کە رێکارەکان بۆ ماوەی یەک ساڵ هەڵدەپەسێرێت. ئەم هەنگاوە بەشێک بوو لە رێککەوتنێکی فراوانتر، کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی نێوان دوو سەرۆکەکەدا بەدەستهات.
گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی بازرگانیی چین گوتی، "چین جێبەجێکردنی رێکارە پەیوەندیدارەکانی کۆنترۆڵی هەناردەکردن بۆ ماوەی یەک ساڵ هەڵدەپەسێرێت و لێکۆڵینەوە لە پلانە تایبەتەکان دەکات،" ئاماژەی بەوەشکرد، کۆدەنگییەکە دوای گفتوگۆ بازرگانییەکانی ئەم هەفتەیە لە مالیزیا بەدەستهاتووە، کە تێیدا هەردوولا گەیشتنە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش.
چین گەورەترین بەرهەمهێنەری جیهانی ئەو کانزایانەیە، کە بۆ دروستکردنی موگناتیسە بەهێزەکان بەکاردەهێندرێن و بۆ پیشەسازییەکانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، ئەلیکترۆنیاتی پێشکەوتوو و تەکنەلۆژیای بەرگری گرنگییان هەیە.
ماددە دەگمەنەکان، خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکی بوون لە دانوستاندنە بازرگانییەکانی ئەم دواییەی نێوان چین و ئەمریکادا.
کۆنترۆڵەکانی 9ی ئۆکتۆبەر بەو مانایە بوون، کە هەناردەکاران پێویست بوو مۆڵەت بۆ ئەو تەکنەلۆژیایانە بەدەستبهێنن، کە بۆ دەرهێنانی کانزا و تواندنەوەی ماددە دەگمەنەکان بەکاردەهێنرێن، لەگەڵ هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەکردن. وەزارەتی بازرگانیی چین گوتی، رێکارەکان تەکنەلۆژیای بەکارهاتوو لە "کۆکردنەوە، گونجاندن، چاککردنەوە، نۆژەنکردنەوە و بەرزکردنەوەی کوالێتیی هێڵەکانی بەرهەمهێنانیش" دەگرێتەوە.
وەزارەتەکە گوتیشی، لە بەرامبەردا ئەمریکا رازی بووە بۆ ماوەی یەک ساڵ ئەو بڕیارە هەڵپەسێرێت، کە کۆتەکانی هەناردەکردنی "لیستی دامەزراوەکان - Entity List" دەسەپێنێت بەسەر لقەکانی ئەو کۆمپانیا بیانییانەی خراونەتە لیستی رەشەوە، کە بەلایەنی کەمەوە خاوەنی 50%ی پشکەکانیانن. ئەمەش رێگە بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەدات بەردەوام بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو لقانەدا.
وەزارەتەکە ئەوەی پشتڕاستکردەوە، کە ئەمریکا رازی بووە باج لەسەر کاڵا چینییەکان کەمبکاتەوە، لەنێویاندا دابەزاندنی باجێکی پەیوەندیدار بە ماددەی فێنتانیل بۆ 10% و رایگەیاند، بەیژینیش رێکارەکانی بەپێی ئەوە رێکدەخاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ