رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى دواین توێژینەوە، نەوەى زێت کە لەدایکبووانى 1997 تاوەکو 2012 دەگرێتەوە، بەراورد بە نەوەکانى پێش خۆیان، کەمترین کحول دەخۆنەوە.
توێژینەوەیەکى گرووپى مینتێل، کە لەنێو گەنجانى نەوەى زێتى بەریتانیا کراوە، دەریخستووە کە %40ى نەوەى زێت "زۆر بە کەمى" دەخۆنەوە.
هەروەها یەک لەسەر سێی ئەوانەی لە تەمەنی 18 بۆ 24 ساڵدان، خواردنەوە کحولییەکان لە ماڵەوە ناخۆنەوە، رێژەى خواردنەوەشیان لە دەرەوە کەمترە بەراورد بە نەوەکانى پێشتر.
هەروەها بەپێی داتایەک، کە لە فرۆشگەکانى خواردنەوە کحولییەکان وەرگیراوە، ژمارەی کڕیارانى نەوەى زێت بۆ خواردنەوە کحولییەکان هێندە کەم بووە، کە جارى وابووە یەک مانگی تەواو، هیچ خواردنەوەیەکیان بە هیچ کەسێکی تەمەن 18 بۆ 24 نەفرۆشتووە.
هۆکارى کەمخواردنەوەى کحول لەنێو نەوەى زێت بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، بەشێکیان پەیوەندى بە هەبوونى هۆشیاریی تەندرووستییەوە هەیە.
هەر بەگوێرەى توێژینەوەکەى گرووپى مینتێل، زۆرینەى نەوەى زێت نیگەرانیی زیاتریان هەیە لەبارەی کاریگەرییەکانی کحول لەسەر تەندروستی و لایەنی دەروونی. بۆ نموونە، دوو لەسەر سێی بەشداربووانى توێژینەوەکە نیگەرانن لە کاریگەرییە دەروونییەکانی کحول.
هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی خواردنەوەی کحول لە نێو نەوەی زێتدا، ئەوەیە کە خەمی ناوبانگ و وێنەی خۆیانە لە نێو رای گشتیدا، لەبەر ئەوەی هەوڵدەدەن لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەیەکی نایابی خۆیان پێشان بدەن و خۆیان لە دەرکەوتن بە خواردنەوە کحوولییەکانەوە و سەرخۆشیی دەپارێزن.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بریتییە لە لایەنى ئابوورى، نەوەى زێت کەمتر لە نەوەکانى پێشتر پارە لە خواردنەوە کحولییەکان خەرج دەکەن.
ئەم رێژە کەمەى خواردنەوە لە نەوەى زێتدا، کاریگەرى خستۆتە سەر پیشەسازیی کحول، بە هۆکارى جێگرتنەوەیان لەلایەن خواردنەوە نا-کحوولییەکان، بە تایبەت لە کۆنسێرت و تەنانەت گەشتە فرۆکەوانییەکانیش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ