رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، ئەگەر ببن بە ئەندامی ناتۆ، ئەوا ئامادەن ئاگربەست لەگەڵ رووسیا رابگەیێنن و لە داهاتووشدا گفتوگۆ لەسەر ئەو ناوچانە بکەن کە رووسیا لە ئۆکراینا کۆنترۆڵی کردوون.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای بەریتانی گوتی، "ئەگەر ئێمە بمانەوێت ئەم قۆناخە گەرمەی شەڕ رابگرین، دەبێت ئەو ناوچەیەی لە ئۆکراینا لەژێر دەسەڵاتی خۆماندایە ببەینە ژێر چەتری ناتۆ".
سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی ئەو خاکەی ئێستا رووسیا لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆڵی کردووە، گوتی، "دەبێت ئێستا بچینە نێو هاوپەیمانیی ناتۆ، دواتریش دەتوانیت لە رێگەی دیبلۆماسییەوە ئەو ناوچانە بەدەستبهێنینەوە".
لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ لە 6ی ئەم مانگەوە بووەتە براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، باسی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا گەرمتر بووە.
ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا ئەوەی راگەیاندبوو کە ئەگەر بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، ئەوا بە چەند کاژێرێکی کەم کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت.
سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی کارکردن لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا گوتی، "دەمەوێت راستەوخۆ کاری لەگەڵ بکەم لەبەر ئەوەی کەسانی دەوروبەری بۆچوونی جیاوازیان هەیە".
ئێستا رووسیا بە نیمچە دوورگەی کریمیاوە کە ساڵی 2014 خستییە ژێر دەسەڵاتی خۆی، نزیکەی 18٪ـی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە.
مۆسکۆ لەو کاتەوەی کە جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە چوار هەرێمی لە بەشی باشوور و رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردوون کە بریتین لە دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک و زاپۆریژیژیا.
زیلینسکی لەگەڵ میدیا بەریتانییەکە ئاماژە بەوەش دەکات، هەر ئاگربەستێک بکرێت، "دەبێت گەرەنتی ئەوە بکات کە پووتین هێرش ناکاتەوە".
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا چەندین جار ئەوەی راگەیاندووە، ئەگەر کیێڤ ئاشتی دەوێت، دەبێت واز لە خەونی چوونە نێو هاوپەیمانیی ناتۆ بهێنێت.
چەند رۆژێک لەمەونەر رووسیا بە مووشەکی مەودا مامناوەندی کیشوەربڕ هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، ئەوەش دوای ئەوەی چەند رۆژێک پێش ئەوە، ئۆکراینا چەکی دوورمەودای دروستکراوی ئەمریکا و بەریتانیای بەرامبەر رووسیا بەکارهێنا.
ئەوە یەکەم جار بوو سوپای رووسیا ئەم جۆرە مووشەکە دژی ئۆکراینا بەکاربهێنێت. خێرایی مووشەکە بالیستییە کیشوەربڕەکانی رووسیا 19 هەزار کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و دەتوانێت لە دووری 18 هەزار کیلۆمەتر ئامانجەکەی بپێکێت و توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ