سەرۆکایەتیی فەرەنسا: ماکرۆن رۆژی دووشەممە لە پاریس میوانداریی زیلینسکی دەکات

30-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس میوانداریی ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، هاوتا ئۆکراینییەکەی دەکات. ئەمە لەکاتێکدایە واشنتن هەوڵی جێبەجێکردنی پلانێک دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ.
 
بەرپرسێکی فەرەنسی رۆژی شەممە رایگەیاند، هەردوو سەرۆک گفتوگۆ لەبارەی "مەرجەکانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام" دەکەن.
 
دیداری ماکرۆن و زیلینسکی لە کاتێکدایە شاندێکی باڵای ئۆکراینا بەرەو واشنتن بەڕێکەوتووە و زیلینسکی لە نێوخۆی وڵاتەکەیدا رووبەڕووی ئاڵۆزیی سیاسی بووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەندری یێرماک، یاریدەدەری باڵای لە کارەکەی دوورخستەوە.
 
ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (تریبیون دیمانش کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە بڵاوبکرێتەوە، رایگەیاند، "رۆژی دووشەممە پێشوازی لە سەرۆک زیلینسکی دەکەین بۆ ئەوەی گفتوگۆکان بەرەو پێشەوە ببەین."
 
بارۆ هەروەها گوتی، "ئاشتی لە بەردەستدایە، ئەگەر ڤلادیمیر پووتین [سەرۆکی رووسیا] دەستبەرداری ئەو خەیاڵە پووچەی بێت کە دەیەوێت لە رێگەی ژێردەستەکردنی ئۆکرایناوە ئیمپراتۆریەتی سۆڤیەت زیندوو بکاتەوە."
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وەک هۆشدارییەک بۆ مۆسکۆ گوتیشی، "ڤلادیمیر پووتین دەبێت ئاگربەست قبووڵ بکات یان قبووڵی ئەوە بکات رووسیا رووبەڕووی سزای نوێ ببێتەوە کە ئابوورییەکەی دادەڕمێنێت."
 
ماکرۆن و زیلینسکی  لەم قۆناخەی جەنگدا پەیوەندییەکی چڕیان هەبووە، جەنگێک کە بە هێرشی بەرفراوانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد. سەرۆکی ئۆکراینا دواین جار لە 17ـی تشرینی دووەم سەردانی کۆشکی ئیلیزێی کردبوو.
 
بارۆ ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئاڵۆزییە سیاسییەکانی کیێڤ، زیلینسکی "رەوایەتیی تەواوی هەیە بۆ سەرکردایەتیکردنی ئۆکراینا بەرەو ئاشتی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشێک لە ژنانی داعش لە کەمپی هۆل. وێنە: AFP

لە پاریس ژنێکی گەڕاوە لە کەمپی هۆل بە 10 ساڵ زیندانی سزادرا

دادگەی تاوانەکانی پاریس، سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر ژنێکی فەرەنسیدا سەپاند کە لە کەمپی هۆلەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گەڕابووەوە وڵاتەکە؛ سزاکە بەرامبەر ئەندامبوونیەتی لە داعش دا.