لافاوی ئاسیا؛ زیاتر لە 800 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدانیش بێسەروشوێنن

30-11-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەی ئەوانەی بەهۆی لافاو و داتەپینی بەرزاییەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا گیانیان لە دەستداوە، گەیشتە 818 کەس، لە کاتێکدا چارەنووسی سەدان کەسی دیکە بە نادیاری ماوەتەوە. دەسەڵاتدارانی ئیندۆنیزیا، تایلەند، مالیزیا و سریلانکا لە هەوڵدان بۆ کردنەوەی رێگەکان و لادانی داروپەردوو بە ئومێدی دۆزینەوەی خەڵک، دوای ئەوەی بارانی بەخوڕی وەرزی بووە هۆی یەکێک لە خراپترین کارەساتە سرووشتییەکانی ساڵانی رابردوو.
 
ئیندۆنیزیا؛ زۆرترین زیان و سەدان بێسەروشوێن
 
لەناو وڵاتە زیانلێکەوتووەکاندا، ئیندۆنیزیا بە خراپترین دۆخدا تێدەپەڕێت. دەستەی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان رۆژی یەکشەممە 30-11-2025 رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە 442 کەس، لە کاتێکدا 402 کەسی دیکە هێشتا بێسەروشوێنن.
 
دۆخەکە لە دوورگەی سوماترا زۆر مەترسیدارە؛ لانیکەم دوو شار، تابانولی و سیبۆلگا، بە تەواوی لە جیهانی دەرەوە دابڕاون. حکومەت ناچار بووە دوو کەشتیی جەنگی رەوانە بکات بۆ گەیاندنی یارمەتی بە دانیشتووانە گیراخواردووەکانی ئەو ناوچانە. 
 
لە شاری سۆنگای نیالۆ، هەرچەندە ئاوی لافاوەکە کەمیکردووە، بەڵام قوڕ و لیتە ماڵ و ئۆتۆمبێل و کێڵگەکانی داپۆشیوە و بە گوتەی دانیشتووان، هێشتا هیچ یارمەتییەک نەگەیشتووەتە ناوچەکەیان. 
 
تایلەند؛ خراپترین لافاوی دەیەی رابردوو
 
تایلەند، رووبەڕووی خراپترین لافاوی دەیەی رابردوو بووەتەوە، لانیکەم 162 کەس گیانیان لەدەستداوە. دەسەڵاتداران بەردەوامن لە دابەشکردنی یارمەتی بەسەر دەیان هەزار کەسی ئاوارەبوودا. 

 

 
قەبارەی کارەساتەکە ئەوەندە گەورە بووە کە بەرپرسان رەخنەی تووندیان لێگیراوە بەهۆی کەمتەرخەمی لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکەدا، بووە هۆی لەسەرکارلادانی دوو بەرپرسی ناوخۆیی. حکومەت بڕیاریداوە قەرەبووی تاوەکو دوو ملیۆن بات (نزیکەی 53 هەزار یۆرۆ) بداتە ئەو خێزانانەی کەسێکیان لەدەستداوە.
 
سریلانکا؛ سوپا بۆ رزگارکردن خراوەتە ئامادەباشییەوە
 
لە باشووری ئاسیا، سریلانکا بە سەختی کەوتووەتە بەر زریانی "دیتوا". ناوەندی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، 212 کەس گیانیان لەدەستداوە و 218ـی دیکەش بێسەروشوێنن. 
 
سەرەڕای ئەوەی زریانەکە بەرەو هیندستان کشاوەتەوە، بەڵام بارانی بەخوڕ بووەتە هۆی ئەوەی ناوچە نزمەکانی کەناری رووباری کیلانی و تەنانەت بەشێک لە کۆڵۆمبۆی پایتەختیش ژێرئاو بکەون.

 

 
حکومەت باری لەناکاوی راگەیاندووە و سوپای بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردندا خستووەتە ئامادەباشییەوە. 
 
لە مالیزیاش دوو کەس گیانیان لەدەستداوە. شارەزایان هۆکاری تووندیی ئەم کارەساتە سرووشتییانە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێننەوە، کە وایکردووە زریانەکان بەهێزتر و بارانەکان بەخوڕتر بن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل.

سەرۆکی بەڕازیل: ترەمپ بووەتە هاوڕێم و نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا دەکەم

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل رایگەیاند، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دروستکردووە و دەیەوێت نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا بکات بۆ ئەوەی رێگە لە هەڵگیرسانی جەنگ لە کیشوەرەکەدا بگرێت.