حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن باری نائاسایی رادەگەیێنێت و 24 کاژێر مۆڵەت بە ئیمارات دەدات بۆ کشانەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن کە لە لایەن سعودییەوە پشتیوانی دەکرێت، باری نائاسایی لە سەرانسەری وڵات راگەیاند و مۆڵەتی 24 کاژێری بە هێزەکانی ئیمارات دا لە یەمەن بکشێنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کە جوداخوازەکانی باشووری یەمەن کە ئەبوزەبی پشتیوانییان دەکات، سنوورێکی فراوانتریان کۆنترۆڵ کرد. 
 
رەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن، لە راگەیێندراوێکدا باری نائاسایی لە سەرانسەری یەمەن بۆ ماوەی 90 رۆژ راگەیاند، کە لە ئەمڕۆ، سێشەممە، 30ی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە دەستپێدەکات. 
 
هەروەها داوای لە سەرجەم هێزەکانی ئیمارات کرد لە ماوەی 24 کاژێردا خاکی یەمەن بەجێبهێڵن و گەمارۆی ئاسمانی، دەریایی و وشکانی خستە سەر بەندەر و دەروازەکان.
 
ئەم بڕیارە لە کاردانەوەی پێشڕەویی خێرای هێزە جوداخوازەکانی ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور (STC)  دێت، کە لەلایەن ئیماراتەوە پاڵپشتی دەکرێت. 
 
هەر لەم مانگەدا، ئەو هێزانە کۆنترۆڵی هەردوو پارێزگای حەزرەمەوت و مەهرەیان لە رۆژهەڵاتی یەمەن کرد، بەمەش نزیکەی تەواوی ئەو ناوچانەیان کەوتنە دەست کە پێش یەکگرتنەوەی وڵاتەکە لە ساڵی 1990، بە کۆماری دیموکراتی میللی یەمەن دەناسرا.
 
ئەم هەنگاوە گرژیی تووندی لەنێو هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعودیە دژی حووسییەکان دروستکردووە. سعودیە پاڵپشتیی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتی دەکات، کە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەک حکومەتی رەوای یەمەن دانی پێدا دەنرێت، لە کاتێکدا ئیمارات پاڵپشتیی ئەنجوومەنی راگوزەر دەکات کە هەوڵی جیاکردنەوەی باشوور دەدات.
 
لە چوارچێوەی پەرەسەندنەکاندا، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی سعودیە، هێرشی ئاسمانیی سنوورداریان کردە سەر بەندەری موکەلا و "پاڵپشتییەکی سەربازیی بیانی"ـیان کردە ئامانج کە بەگوێرەی راپۆرتەکان پەیوەندیی بە ئیماراتەوە هەبووە.
 
سعودیە هۆشداریی داوە لە وەڵامدانەوەی دەستبەجێ بۆ هەر پەرەسەندنێک لەلایەن ئەنجوومەنی راگوزەرەوە و داوای کشانەوەی بەپەلەی کردووە. دۆخەکە نیگەرانیی لە نوێبوونەوەی شەڕی نێوخۆیی لە ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حووسییەکان لێکەوتووەتەوە، کە ئەمەش دابەشبوونی یەمەن قووڵتر دەکاتەوە و هەوڵەکانی ئاشتی ئاڵۆزتر دەکات.
 
ئەم پەرەسەندنە لە چوارچێوەی شەڕی ناوخۆیی یەمەندا دێت کە ساڵانێکە بەردەوامە، لەکاتێکدا حووسییەکان کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، باکوور و سەنعای پایتەختیان بەدەستەوەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ پێشوازی لە بنیامین نەتەنیاهوو دەکات لە شوێنی حەوانەوەی خۆی (مارلاگۆ) لە فلۆریدای ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ هۆشداری دەداتە ئێران: خۆی بەهێزبکاتەوە، تێکی دەشکێنین

سەرۆکی ئەمریکا لە شوێنی مانەوەی لە ویلایەتی فلۆریدا پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد. دۆناڵد ترەمپ گوتی، پێویستە حەماس چەکی لە دەست نەبێت. سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە هێرشی سەر شوێنی مانەوەی سەرۆکی رووسیاش گرت کە مۆسکۆ دەڵێ، سوپای ئۆکراینا ئەنجامی داوە.