ئەمریکا بۆ رووداو: پشتگیریی سووریایەک دەکەین مافی هەموو پێکهاتەکان بدات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نیگەرانیی خۆی سەبارەت بەو راپۆرتانە دەربڕی کە باسی تووندوتیژی لە ناوچە عەلەوینشینەکانی لازقییە و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی گرژییەکانی ئەم دواییەی لازقییە بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتنی راگەیاند، ئەمریکا چاودێریی دۆخەکە دەکات؛ ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمریکا نیگەرانە لەو راپۆرتانە"ی کە باس لەو دۆخە دەکەن. 
 
ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، ژمارەیەک هێرشکار، هێرشیان کردە سەر گەڕەکە زۆرینە عەلەوینشینەکانی لازقییە و زیانێکی زۆریان بە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان و چەندین دووکان گەیاند و ترس و دڵەڕاوکێیان لەنێو دانیشتووانی ناوچەکەدا بڵاوکردەوە.
 
هێرشەکان رۆژێک دوای ئەوە هاتن لەکاتی خۆپێشاندانێکی بەرفراوانی عەلەوییەکان 3 کەس کوژران و خۆپێشاندانەکەش دوای تەقینەوەیەکی گەورە لە شاری حمس روویدا. بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنی، یەکێک لە کوژراوەکانی نێو خۆپێشاندانەکە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی سووریا بووە.
 
ئەمڕۆش، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیێندراوێکدا "قەدەخەی هاتووچۆی لە تەواوی شاری لازقییە، لە کاژێر 5:00ـی ئێوارەی رۆژی سێشەممە، تاوەکو کاژێر 6:00ـی بەیانـی رۆژی چوارشەممە" راگەیاند و داوای لە هاووڵاتییان کرد پابەندی رێکارەکە بن بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی.
 
"بەردەوامین لە پشتگیریکردنی سووریایەکی یەکگرتوو"
 
سەبارەت بە گەمارۆی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب کە لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریاوە سەپێندراوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپات کردەوە. 
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند: "ئەمریکا بەردەوامە لە پشتگیریکردنی سووریایەکی یەکگرتوو و ئاشتیخواز کە ماف و پێگەی یەکسان بە هەموو پێکهاتە کەمینەکان دەبەخشێت."
 
رۆژی 22ـی ئەم مانگە، شەڕ لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دروستبوو، دوای نزیکەی پێنج کاژێر پێکدادان و گیانلەدەستدانی ئافرەتێک و برینداربوونی 19 سڤیل، شەڕەکە راگیرا.
 
رۆژی هەینی 26ی ئەم مانگە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بڵاویانکردەوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە بەکارهێنانی چەکی قورس و تۆپخانە هێرشێکی تووندیان کردوەتەوە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب.
 
لەبارەی هەمان رووداو، عەقید محەمەد عەبدولغەنی، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی سووریا لە پارێزگای حەلەب رایگەیاند: "لە پێشێلکارییەکی نوێی رێککەوتنە واژۆکراوەکاندا"، نیشانەشکێنەکانی هەسەدە کە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب بڵاوەیان پێکراوە و "یەکێک لە خاڵەکانی پشکنینی سەر بە وەزارەتی ناوخۆیان کردە ئامانج، لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە رێکخستنی هاتووچۆی چوونەژوورەوە و چوونەدەرەوەی مەدەنییەکان."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ UN راگرتبوو

راپۆرتێک: ئیدارەی ترەمپ خەرجیی شیرینی لە هاوکارییە مرۆییەکان زیاترە

بە گوێرەی راپۆرتێک کە ناوەندی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، ئەم ساڵ حکومەتی وڵاتەکەیان 3.9 ملیار دۆلاری لە کڕینی شیرینیدا خەرجکردووە بەڵام تەنیا بە بەهای 3.4 ملیار دۆلار هاوکاری وڵاتانی کردووە.