رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، هێرشەکەی سەر بنکە سەربازییەکەی وڵاتەکەیان لە ئوردن "لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کراوە و راشیگەیاند، یەكەمین كاردانەوەیان بۆ هێرشی سەر بنكەكەیان، دوایین كاردانەوەیان نابێت و لە کاتی خۆیدا وەڵامیان دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 31-1-2024، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لە واشنتن دی سی رایگەیاند، "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هێرشەكەی ئوردنی كردووە."
رۆژی 28-1-2024، بە درۆن هێرشکرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی تاوەر 22 لە ئوردن، هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی لانیکەم 41ـی دیکە.
سێ رۆژ بوو ئەمریکا لە لێکۆڵینەوە بەردەوامبوو، هەرچەندە پێشتر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو ئەوان دەزانن گرووپەکانی سەر بە ئێران ئەو کارەیان کردووە.
کێربی گوتی: "یەكەمین كاردانەوەمان بۆ هێرشی سەر بنكەكەمان دوایین كاردانەوەمان نابێت."
پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بڕیاریان لە جۆری وەڵامدانەوەکە داوە و دەکرێت "بە چەند قۆناخ و ئاستێک لە چەند کاتێکی جیاواز وەڵام بدەنەوە."
بەرپرسەکەی کۆشکی سپی هەروەها گوتی، "بێ وەڵامیمان لە چەند رۆژی رابردوودا واتای ئەوە نییە بەم جۆرە کارانە بێ وەڵام دەمێنینەوە."
دوای هێرشەکە، بایدن و ئیدارەکەی لەلایەن بەرپرسان و سەرکردەکانی حیزبی کۆماریی ئەمریکا رووبەرووی رەخنەیەکی زۆر بوونەوە و داوایان لێکرا هێرش بکەنە سەر ئێران.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوان لەپشت ئەو هێرشە نین و تێوەنەگلاون.
جەنەراڵ حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران بە تووندی رووی دەمی لە ئەمریکا کرد و گوتی، "هەڕەشەی بەرپرسەکانی ئەمریکا بێ وەڵام نامێننەوە. ئێمە چاومان لە شەڕ نییە، بەڵام لە شەڕیش ناترسین."
ئەمە کوشندەترین هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکابوو لەوەتەی شەڕی غەززە دەستیپێکردووە و لەوکاتەوە یەکەمجارە سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکوژرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ