فۆرد 50 هەزار ئامێری هەناسەدانی دەستکرد دروستدەکات

31-03-2020
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن فۆرد کۆرۆنا
A+ A-
رووداو - هەولێر 
 
کۆمپانیای فۆرد رایگەیاند، لە رۆژێکدا هەزار ئامێری هەناسەدانی دەستکردی دروستکردووە، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، کۆمپانیاکە لەماوەی کەمتر لە 100 رۆژدا 50 هەزار ئامێری هەناسەدانی دەستکرد دروستدەکات.
 
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رایگەیاند: "جگە لە فۆرد، 9 کۆمپانیای دیکەش ئامادەن ئەو ئامێرە دروست بکەن، بەشێکی ئامێرەکان دەنێرنە فەرەنسا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا و هەندێک وڵاتی دیکەش بەپێی پێویستیان".
 
هەروەها دکتۆر ئانتۆنی فۆجی، سەرۆکی دامەزراوەی نیشتمانی بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئیدارەی ئەمریکا هۆشداری دەدات لە وەرزەکانی داهاتوو ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوازی دیکەی تەواو جیاواز لەوەی سەرەتای ئەمساڵ بگەڕێتەوە و کاتی ئامادەبوونی پێکوتەیەکیش بۆ ڤایرۆسەکە رادەگەیێنێت.
 
فۆجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "پێشبینی دەکەم ئەگەر ڤایرۆسەکە لە پاییزدا بگەڕێتەوە، تەواو جیاوازبێت لەوەی سەرەتای ئەمساڵ".

 

ترەمپ: بەشێکی ئەو ئامێرانە بۆ ئیتاڵیا، ئیسپانیا و فەرەنسا دەنێرین، وێنە؛ AFP
 
هەروەها لەبارەی پێکوتەش بۆ ڤایرۆسەکە دەڵێت: "دروستکردنی پێکوتە لە رێگەدایە و پێشبینی دەکەم لە ماوەی ساڵێک بۆ ساڵ و نیوێک بتوانین بەکاری بێنین".
 
قسەکانی فۆجی لەکاتێکدایە دۆخی ئەمریکا بەرەو خراپتر دەڕوات، ژمارەی تووشبووان لەو وڵاتە 160 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
 
تاوەکو ئێستا لە ئەمریکا 164 هەزار و 253 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش 3 هەزار و 167 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 5 هەزار کەسی دیکەش چاکبوونەتەوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە