رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 9ی ئایاری ئەم ساڵ لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
ئەوە دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی ئەو دوو سەرۆکە لە کۆشکی سپی، دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە لیتوانیا یەکیان بینی.
هەردوو ئەندامەکەی ناتۆ بەنیازن پەیوەندییەکانیان بەهێز بکەنەوە، ئەوەش دوای دروستبوونی چەندین ناکۆکی لەنێوانیاندا، وەکو درەنگ پەسندکردنی ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانییە سەربازییەکە لەلایەن تورکیاوە.
سونەر کاگاپاتی، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی تورکیا لە پەیمانگەی واشنتن دەڵێت، "سەردانەکەی ئەردۆغان گرنگە، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی ئەردۆغان ماوەی 21 ساڵە تورکیا بەڕێوەدەبات و بایدنیش یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە تاوەکو ئێستا بانگهێشتی ئەردۆغانی بۆ کۆشکی سپی نەکردووە."
لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا، دوای ئەوەی تورکیا رەزامەندیی پیشاندا لەسەر بەئەندامبوونی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ، ئیدارەی بایدن پێدانی فڕۆکەی ئێف-16ی بە تورکیا پەسند کرد.
لەسەر ئەو بنچینەیە، تورکیا 40 فڕۆکەی ئێف-16ی نوێ لە ئەمریکا دەکڕێت و ژمارەی فڕۆکە ئێف 16کانی دەبنە 79 دانە.
سەردانەکە لە کاتێکدایە، تورکیا وەکو ئەندامێکی ناتۆ پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ رووسیاش هەیە.
لە دوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی 10ی ساڵی رابردوودا و دەستپێکردنی هێرشی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، تورکیا لەو وڵاتانە بووە کە بە تووندی رەخنەی لە پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ