رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: فڕۆکەیەکی شەڕکەری چینی کارێکی "تووندوتیژانەی ناپێویست"ـی بەرامبەر یەکێک لە فڕۆکەکانیان لەسەر دەریای باشووری چین کردووە.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە، فڕۆکە چینییەکە زۆر بە نزیکی بە بەردەمی فڕۆکە ئەمریکییەکەدا دەڕوات، فڕۆکە ئەمریکییەکەش لەوکاتەدا دەست بە لەرزین دەکات.
رووداوەکە هەفتەی رابردوو بووە و ئەمریکا درەنگانی شەوی رابردوو ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە، دەڵێت، ئەوان بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی، وشکانی و دەریایی "بە سەلامەتی و بەرپرسانەوە" لە هەرشوێنێک کە یاسای نێودەوڵەتی رێگەیان بدات.
رووداوەکە لەکاتێکدایە کە گرژییەکی زۆر لە پەیوەندییەکانی واشنتن و پەکیندا هەیە لەبارەی پرسەکانی وەکو تایوان و باڵۆنە "سیخوڕییەکانی" چین کە سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن ئەمریکاوە خرانەخوارەوە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت: ماوەیەکە لەنێو دەریا و لە ئاسمان ئەو جۆرە هەوڵانەی چین زیادیان کردووە. لەسەر رووداوی فڕۆکەکە ئاماژە بەوەش دەکات، "باوەڕ ناکەین فڕۆکەوانەکە خۆی بەتەنیا ئەو کارەی کردبێت، بەڵکو ئەوە بەشێکە لە پلانێکی فراوانتر."
لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووش رووداوێکی هاوشێوە لەنێوان فڕۆکەیەکی جۆری RC-135ـی ئەمریکی و فڕۆکەیەکی چینی روویدا کە فڕۆکە ئەمریکییەکە ناچاربوو رێڕەوەکەی خۆی بگۆڕێت بۆ ئەوەی تووشی پێکدادان نەبێت.
بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە رۆژێک دوای ئەوەهات پەکین داوایەکی وەزیری بەرگریی ئەمریکای رەتکردەوە بۆ بینینی هاوتا چینییەکەی لە کۆتایی ئەم هەفتەیە لە سەنگاپوور، بەڵام بەرپرسێکی باڵای بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، راگەیاندنی ڤیدیۆکە پەیوەندی بەو رەتکردنەوەیەوە نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ