دۆناڵد ترەمپ: دادگاییکردنەکەم پووچ و ساختە بوو

31-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دادگە و دادگەییکردنی لەسەر 34 دۆسیەی تاوانکاری بە "پووچ و ساختە" ناودەبات و دەڵێت، تانەی لێدەدەن. سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، "ترەمپ هەڕەشە لە دیموکراسییەتمان دەکات."
 
دوای رۆژێک لە بڕیارەکەی دادگەی مانهاتن لە نیویۆرک، کە هەموو تۆمەتەکانی سەر ترەمپی ساخکردەوە. ئەمڕۆ هەینی 31-05-2024 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "خەڵک تێدەگەن کە ئەوە دادگەییەکی پووچ و ساختە بوو."
 
ترەمپ رەخنەی لە خوان مێرچن، دادوەری دۆسیەکە گرت، گوایە نەیهێشتووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی بابەتەکە بکات.
 
لە بڕیارەکەی دوێنێی دادگەدا ترەمپ هەر 34 تۆمەتەکەی تایبەت بە ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکان و بەرتیلدان بە ستۆرمی دانیاڵز، ئەکتەری فیلمە سێکسییەکان بەسەردا ساخکرایەوە.
 
بڕیارەکە دوای ئەوە هات، هەر 12 ئەندامەکەی دەستەی سوێندخۆران دوای 11 کاژێر لە کۆبوونەوە، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ترەمپ تاوانبارە.
 
ترەمپی 77 ساڵ بە شانازییەوە گوتی، "سەرەڕای بڕیارەکە، لە نوێترین راپرسیدا شەش خاڵ لەپێشەوەم."
 
دوای کۆنفرانسەکەی ترەمپ؛ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "دۆناڵد ترەمپ هەڕەشە لە دیموکراسییەتمان دەکات."
 
ترەمپ یەکەم سەرۆکی مێژووی ئەمریکایە کە بەهۆی دۆسیەیەکی تاوانکارییەوە دادگایی کراوە و رۆژی 14ی تەممووزی ئەم ساڵیش سزاکەی دیاری دەکرێت. ترەمپ رایگەیاند، تانە لە بڕیارەکە دەدەن.
 
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە قسەکانیدا هێرشی کردە سەر بایدن و گوتی، "ئەو خراپترین، لێنەهاتووترین و درۆزنترین سەرۆکی مێژووی وڵاتەکەمانە. ئەو مەترسییەکەی گەورەیە؛ تاکە رێگە کە پێیان وایە بتوانن ئەو هەڵبژاردنە ببەنەوە ئەوەیە ئێستا دەیکەن، کە بردنەوەیە لە دادگە، چونکە ناتوانن لەسەر سندووقی دەنگدان بیبەنەوە."
 
ئەوەی لە بەرژەوەندیی ترەمپە ئەوەیە، ئەگەر دادگە سزای زیندانیکردنیشی بەسەردا بسەپێنێت، هێشتا دەتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر بکات.
 
دوای بڕیارەکەی دادگە، یەکەم کاردانەوەی بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە ئەوەبوو، "بڕیاری دروست رۆژی 5ـی نۆڤەمبەر [رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا] لەلایەن دەنگدەرانەوە دەدرێت"؛ گوتیشی، دادگاییکردنەکە ساختە بوو و لەلایەن دادوەرێکی گەندەڵەوە بەڕێوەچوو."
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، "کەسێکی زۆر بێتاوانم، ئەوە شتێکی ئاساییە. من شەڕ بۆ وڵاتەکەم دەکەم؛ شەڕ بۆ دەستوورەکەمان دەکەم."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە