رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دادگاییکردنەکەی ترەمپ پیشانیدا "کەس لە سەرووی یاساوە نییە" و نابێت رێگە بدەن هیچ کەسێک سیستمی دادوەریی ئەمریکا بشێوێنێت.
رۆژی هەینی 31-05-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا قسەی لەسەر لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کرد. بایدن رەخنەی لە ترەمپ گرت کە دادگاییەکەی بە "ساختە" ناوبردووە و گوتی، "زۆر مەترسیدار و نابەرپرسیارانەیە بۆ هەر کەسێک کە بڵێت دادگاییەک ساختەیە، تەنیا لەبەر ئەوەی بڕیارەکەی بە دڵ نییە."
بایدن هەروەها گوتی، "سیستمی دادوەریی ئێمە دەبێت رێزلێگیراو بێت و نابێت رێگە بە کەس بدەین بیشێوێنێت."
رۆژی پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024 دەستەی سوێندخۆران و دادوەری دادگەی مانهاتن لە نیویۆرک بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەکەی ترەمپ دا و رایانگەیاند، "هەر 34 تۆمەتەکەی بەسەردا ساخبووەتەوە."
تۆمەتەکانی سەر ترەمپ تایبەت بوون بە ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکان و بەرتیلدان بە ستۆرمی دانیاڵز، ئەکتەری فیلمە رووتەکان بۆ ئەوەی باسی پەیوەندیی خۆی و ترەمپ نەکات.
دواتر ترەمپ قسەی لەسەر بڕیارەکە کرد و گوتی، "دادگاییەکردنەکەم پووچ و ساختەبوو."
بەربژێری کۆمارییەکان و سەرۆکی پێشووی ئەمریکا هەروەها پەنجەی بۆ بایدن و دیموکراتەکان درێژکرد و گوتی، تەنیا لەبەر ئەوەی کاتی هەڵبژاردن نزیکە، ئەو دۆسیەیان زیندوو کردەوە. رایشیگەیاند، "ئەوان دەیانەوێت لە دادگە سەربکەون، چونکە ناتوانن لەسەر سندووقی دەنگدان لێم ببەنەوە."
دوای قسەکانی ترەمپی 77 ساڵ، بایدن لە هەژماری خۆی لە ئێکس نووسی: "ترەمپ هەڕەشە لە دیموکراسییەتیمان دەکات." بایدن بە دەنگدەرانی گوت: "ئێوە دەتوانن رایگرن."
ترەمپ یەکەم سەرۆکی مێژووی ئەمریکایە کە بەهۆی دۆسیەیەکی تاوانکارییەوە دادگایی کراوە و رۆژی 14ـی تەممووزی ئەم ساڵیش سزاکەی دیاری دەکرێت. ترەمپ رایگەیاند، تانە لە بڕیارەکە دەدەن. ئەوەی لە بەرژەوەندیی ترەمپە ئەوەیە، ئەگەر دادگە سزای زیندانیکردنیشی بەسەردا بسەپێنێت، هێشتا دەتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ