ئیسرائیل ماکرۆن بە دەستپێکردنی "جەنگی خاچپەرستی دژی دەوڵەتی جووەکان" تۆمەتبار دەکات

31-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل رۆژی هەینی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسای بە دەستپێکردنی "جەنگێکی خاچپەرستانە دژی دەوڵەتی جووەکان" تۆمەتبار کرد، ئەوەش دوای ئەوەی ماکرۆن داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستێکی تووندتر بەرامبەر ئیسرائیل بگرێتەبەر، ئەگەر دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە باشتر نەبێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "هیچ گەمارۆیەکی مرۆیی نییە. ئەمە درۆیەکی ئاشکرایە." گوتیشی رێگەیان بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆنێو کەرتەکە کردووەتەوە.
 
وەزارەتەکە دەڵێت، "لەبری ئەوەی گوشار بخاتە سەر تیرۆریستە جیهادییەکان، ماکرۆن دەیەوێت بە پێدانی دەوڵەتی فەلەستینی پاداشتیان بداتەوە. هیچ گومانێک نییە لەوەی جەژنی نیشتمانییان لە 7ی تشرینی یەکەم دەبێت،" ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ رۆژی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە لە ساڵی 2023 کە جەنگەکەی هەڵگیرساند.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، "حەماس ستایشی قسەکانی ماکرۆنی کردووە؛ حەماس هۆکارەکەی دەزانێت."
 
ئیسرائیل هەفتەی رابردوو رایگەیاند، بە شێوەیەکی کاتی ئەو گەمارۆیەی هەڵگرتووە کە زیاتر لە دوو مانگ بوو بەسەر غەززەدا سەپاندبووی و، بەهۆیەوە رێگری لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان کرا بۆ ئەو کەرتەی کە بەدەست کەمبوونەوەی تووندی خۆراک و دەرمانەوە دەناڵێنێت.
 
لێدوانەکانی ماکرۆن لە پشتیوانیی فەلەستین، بەم دواییە تووند بوون.
 
رۆژی هەینی سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، پێویستە وڵاتانی ئەورووپا "هەڵوێستی بەکۆمەڵی خۆیان تووند بکەن" بەرامبەر ئیسرائیل، ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ دۆخی مرۆیی غەززە نەکرد.
 
ماکرۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە سەنگاپوور گوتی، رۆژئاوا مەترسیی ئەوەی لەسەرە "هەموو متمانەیەک لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەدەستبدات" ئەگەر "واز لە غەززە بێنێت و رێگە بدات ئیسرائیل هەرچی بیەوێت بیکات."
 
سەرۆککۆماری فەرەنسا جەختی کردەوە کە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین "تەنیا ئەرکێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو داواکارییەکی سیاسییە" و چەند مەرجێکی بۆ ئەو مەبەستە خستنەڕوو.
 
بڕیارە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی فەرەنسا و سعودیە لە بارەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە مانگی حوزەیران، سەبارەت بە چارەسەری دوو دەوڵەت، ببەسترێت.
 
دیپلۆماتێک لە پاریس کە ئاگاداری ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسەکەیە، رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت کۆنفرانسەکە رێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکەش دان بە فەلەستندا بنێن.
 
مانگی نیسان ماکرۆن رایگەیاند، رەنگە فەرەنسا لە مانگی حوزەیراندا دان بە فەلەستیندا بنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا