ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: ئێران بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی زیاد کردووە

31-05-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە راپۆرتێکدا دەڵێت، ئێران بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی زیادکردووە. دەشڵێت، ئێستا وڵاتەکە 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60٪ هەیە کە 133.8 کیلۆگرامی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ زیاترە. 
 
رۆژی شەممە، 31ـی ئایاری 2025، راپۆرتێکی نهێنیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەبارەی بەنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بڵاوکرایەوە. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، مایەی "نیگەرانی جیدییە" کە ئێران نزیکەی 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60٪ هەیە کە 133.8 کیلۆگرامی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە بەرهەمهێنراوە. 
 
لە رووی زانستییەوە، لە ئەگەری بوونی کەرەستە و ئامێری پێویست یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 60٪ پێویستی بە نزیکەی یەک مانگە بۆ ئەوەی بگەیەندرێتە 90٪؛ ئەمەش رێژەی پێویستە کە دەتواندرێت چەکی ئەتۆمی لێ دروستبکرێت. 
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئێران تەنیا وڵاتە کە خاوەن چەکی ئەتۆم نییە و یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60٪ هەبێت. 
 
بەرپرسانی ئێران ناوە ناوە رەتیدەکەنەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بێت، بەڵام ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، "لەکاتێکدا ئێران لە هاوئاهەنگی بۆ پشکنینی ئاسایی بەردەوامە، بەڵام هێشتا لە چەند روویەکەوە هاوئاهەنگییەکەی قایلکەر نییە".  نیگەرانی ئاژانسەکە لە روونکردنەوە و وەڵامی تارانە لەبارەی ئەو مادانەی لە چەند دامەزراوەیەکی ئەتۆمی نافەرمی ئێراندا دۆزراونەتەوە. 
 
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی راپۆرتەکەوە بڵاویکردەوە، ئەو راپۆرتە "ئاماژەیەکی ئاگادارکەرەوەی روونە" کە "ئێران بە تەواوی دەیەوێت پڕۆگرامی چەکی ئەتۆمییەکەی تەواو بکات". دەشڵێت، "ئەم ئاستەی پیتاندنە تەنیا لە وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمیدا هەیە و هیچ پاساوێکی سڤیلیش هەڵناگرێت". 
 
ئایاری 2018، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاکلایەنانە لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە کە ساڵی 2015 واژۆکرابوو. دواتر، واشنتن ژمارەیەک سزای بەسەر تاراندا سەپاند و ئەویش پیتاندنی یۆرانیۆمی زیادکرد. 
 
ترەمپ لەم کابینەیەی سەرۆکایەتیدا هەوڵەکانی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا چڕکردوونەتەوە. تاوەکو ئێستا هەردوولا لە مەسقەت و رۆما پێنج جار کۆبوونەتەوە، بەڵام  روون نییە کە گەڕی شەشەم کەی و لەکوێ دەکرێت. 
 
بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، نایانەوێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. بەرپرسانی تارانیش ئاماژە بەوە دەکەن، بە هیچ جۆرێک دەستبەرداری پڕۆگرامەکەیان نابن کە بۆ مەبەستی ئاشتییە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە